بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا لە سەر زاری چەندین سەرچاوەی ئاگادار ڕایگەیاند کە سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی کەرتی نەوتی ئێران و ڤەنزولیا، هەر دوو وڵات گرێبەستێکی نەوتییان واژۆ کردووە.
بە پێی ئەو گرێبەستە، ڤەنزولیا نەوتی خاوی خۆی لە گەڵ بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران ئاڵوگۆڕ دەکات و یەکەم وەجبەی پەیوەندیدار بەم گرێبەستەش لە ماوەی نزیکی داهاتوو ئاڵوگۆڕ دەکرێت.
لە کاتێکدا کە ڤەنزولیا هەوڵی بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردەی نەوتی خۆی لە بەرامبەر گەمارۆکانی ئەمریکا دەدات، گرێبەستەکەی نێوان کۆمپانیای نەوتی ڤەنزولیا PDVSA و کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران NIOC دەتوانێت یارمەتیدەری بێت.
یەکێک لە سەرچاوەکانی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە ئەم گرێبەستە لە قۆناغی یەکەمدا بۆ ماوەی شەش مانگ پلانی بۆ داڕێژراوە و دەتوانێت درێژ بکرێتەوە.
لە واشنتن، سەرچاوەیەک ڕایگەیاندووە کە ڕێکەوتنەکەی نێوان ئێران و ڤەنزولیا وەک پێشێلکردنی گەمارۆکان دەکەوێتە ژێر چاودێری حکومەتی ئەم وڵاتەوە.
کۆمپانیای نەوتی ڤەنزولیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی، هەناردەی نەوتی زیاتر کردووە، لە بەر ئەوەی کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ساڵی 2019 ڕێگریی لە بەکارهێنانی دۆلار لە لایەن ئەم کۆمپانیاوە کردووە./.