بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لارێنس ویلکرسن ڕایگەیاند کە ئیسرائیل وەک حکومەت تا 20 ساڵی دیکە بوونی نابێت لە بەر ئەوەی کە شەرعییەتی خۆی لە ناو دەبات و وەک ڕژێمێکی ڕەگەزپەرست خۆی دەناسێنێت. (ئەڵبەت ڕژێمی زایۆنیستی هیچ شەرعییەتێکی نییە).
ناوبراو وتی: ئەمریکا دەبێت ئێستا بە ئیسرائیل بڵێت کە بە خێرایی بەرەو گۆڕانکاری بڕوات و بە پێچەوانەی ئەمەشەوە واز لە پاڵپشتییە سیاسی و داراییەکانی بێنێت، هەرچەندە کە ئەمریکا ئەمە ناکات.
ڕاشیگەیاند کە سیاسەتی ئەمریکییەکان لە ڕۆژئاوای ئاسیا، ئاڵۆزکردنی سوریا و بەردەوامبوونی شەڕی نێوان دوژمنانی ئیسرائیلە تا نەتوانن کێشەی بۆ بخوڵقێنن.
لارێنس وتی: ئیسرائیل بەرپرسیاریەتییەکی ستراتیژی پلە یەکە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. من هیوادارم کە دەربازبوون لە دەستی بنیامین نتانیاهۆ (سەرۆک وەزیرانی پێشووی ڕژێمی زایۆنیستی) و لە هەمان کاتدا دەربازبوون لە دەستی جراد کۆشنەر (زاواکەی ترەمپ و ڕاوێژکاری باڵای پێشووی کۆشکی سپی) و مایک پۆمپیۆ (وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا) و هەروەها دوناڵد ترەمپ (سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا) تا ڕادەیەک بتوانێت دۆخەکە هێور بکاتەوە کە ئێمە لە ئیسرائیل حکومەتێکمان هەبێت کە ڕەنگە بیر لەوە بکاتەوە کە داهاتوو چەندە مەترسیدارە.
ئەو یاریدەدەرەی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: من پێشتریش ئەوەم باسکردووە کە ئیسرائیل تا 20 ساڵی دیکە حکومەت نابێت، بەڵکوو لە ناو دەچێت، بە دڵنیاییەوە دیمۆکراسی نابێت، حکومەتێکی ڕەگەزپەرست دەبێت و جیهان وەک ئەفریقای باشور ڕەتیدەکاتەوە، ئێستا دەڵێم بوونی نابێت.
وتیشی کە من پێشتر پلانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکام بۆ شەڕی عێراق بینیوە، ئەوان پێیان وابوو کە کاری ئەو شەڕە لە 55 ڕۆژ یان کەمتر تەواو دەبێت، پاشان نۆرەی سوریا بوو، هەروەها لە پاش ئەوەش ئامانجێکی دیکە، دەیتوانی ئێران، لوبنان یان میسر بێت، هەر لایەنێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ئەو کاتەی کە ئەم ئاگرە بەردەوام بێت و بەو شێوازە ئیسرائیل پارێزراو بێت./.