بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئارام قادر کۆکۆیی ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، وتی: لەم ماوەیەدا لە گەڵ شاندێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق سەردانی مەیدانی دەروازەی سازانمان کرد بۆ ئەوەی بە فەرمی بکرێتە دەروازەیەکی هاوبەش لە گەڵ وڵاتی ئێران.
ناوبراو وتی: ئەو سەردانەش لە پاش سەردانی شاندێکی ژووری بازرگانی هەڵەبجە بۆ لای سەرۆک کۆمار بووە، پاش بینینی دەروازەکەش لە لایەن شاندی وەزارەتی پلاندانانەوە، لە ئێستادا گەیشتوونەتە ئەوەی کە ئەو ناوچەیە گونجاوە بۆ کردنەوەی دەروازەی سنوری.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆک کۆماری عێراق هەروەها وتی کە لە ئێستادا ئەوەی ماوەتەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە کە ڕێکارە پێویستەکان جێبەجێ بکات.
ئارام قادر کۆکۆیی وتی: بە فەرمی کردنەوەی دەروازەی سازان دەبێتە هۆی بوژانەوەی ئابوری پارێزگای هەڵەبجە و دەرفەتی کار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکیش دابین دەکات، هەروەها ڕێگای بازرگانی نێوان ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای ئێران و هەروەها ورمێ، سنە و کرماشان لە گەڵ بەغدا نزیک دەکاتەوە./.