بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ ئاژانسی فەرمی عێراق، لە سەر چەندین تەوەری وەک هەڵبژاردنەکانی عێراق، وتووێژەکانی تاران و ڕیاز و هەروەها دۆسیەی ئاو هەڵوێستی فەرمی تارانی ئاشکرا کرد.
ڕۆڵی ئێران لە هەڵبژاردنەکان
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری 2021 ی عێراق وتی: ئەوەی کە گەلی عێراق بڕیاری لە سەر بدەن لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت. پاش دابینکردنی بەستێنی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیە هاوکاری حکومەتی عێراق بکات و پاڵپشتیش لە پرۆسەکە دەکات.
وتووێژەکانی ئێران و سعوودیە لە بەغدا
ئیرەج مەسجدی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە وتووێژەکانی تاران و ڕیاز لە بەغدا وتی: ئێمە خۆشحاڵین کاتێک دەبینین کە عێراق لە سەر ئاستی ناوچەکە ڕۆڵێکی سەرکەوتووانە دەگێڕێت، هەرچی ئەو ڕۆڵە زیاتر و بەرچاوتر بێت بە هەمان شێوە ئێمە خۆشحاڵتر دەبین و پاڵپشتیش لەم هەوڵەی حکومەتی عێراق دەکەین.
ناوبراو وتی: گەڕی چوارەمی وتووێژەکانی تاران و ڕیاز لە بەغدا بەڕێوە دەچێت و هیوادارین کە ئەم وتووێژانە بەرەوپێشچوونی پێوە ببینرێت.
مەسجدی وتی: وتووێژەکان لە گەڵ سعوودیە لە پرۆسەیەکدا بەرەو پێش دەڕوات و هیوادارین بگاتە ئەنجامێکی ڕوون. پاش گەیشتن بەو ئەنجامەش، ڕایدەگەێنین. هەر دوو لا خوازیاری دانوستان و گەیشتن بەو ئەنجامەن.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی دووقۆڵی لە گەڵ بەرپرسانی ئەمریکا لە دانوستانەکانی ڤیەننا وتی: وتووێژەکانی پێشوو دووقۆڵی نەبووە بەڵکوو بە ئامادەبوونی یەکێتی ئەورووپا، ئەمریکییەکان و کۆماری ئیسلامی ئێران بووە. لە میانەی گەڕی نوێی دانوستانەکان، نامانەوێت کە دووقۆڵی بێت لە بەر ئەوەی کە ئێمە لە گەڵ ئەورووپییەکان چووینەتە دانوستانەوە و هەڵوێستی خۆمانیش ڕوون و ئاشکرایە.
مەسجدی وتی: ئەمریکییەکان لە ڕێکەوتنی ناوەکی کشاونەتەوە و خۆیان دەبێت بۆ ئەو ڕێکەوتنە بگەڕێنەوە.
هەڵوێستی ئێران لە بەرامبەر هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی عێراق
ئیرەج مەسجدی لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا وتی: ئێران بێگومان لە هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی حکومەتی عێراق بۆ پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی دیکە پاڵپشتی دەکات. ئێمە هیوادارین کە حکومەتی عێراق بەردەوام بێت لە سەرکەوتنەکانی. هەلومەرجی ئێستا دەخوازێت کە وڵاتان پێکەوە لە پەیوەندی و هاوکاریدا بن.
سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران
باڵیۆزی ئێران هەروەها بە ئاماژە بە سەردانەکەی ئەم دواییەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران وتی: ئێمە بە هۆی ئەو سەردانەوە دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی دەکەین. لە میانەی ئەو سەردانەدا وتووێژی زۆر باش کرا و گرنگترین بابەتەکانیش، چالاککردنی پرۆژەی هێڵی ئاسنی شەلەمچە – بەسرە بوو. مستەفا کازمی وتی کە لە پاش ڕێوڕەسمەکانی ئەربەعین ڤێزەی هاتووچۆی نێوان هەر دوو وڵات لە گەشتە ئاسمانییەکاندا هەڵدەگیرێت و پاش ماوەیەک ڕەنگە ڤێزە بۆ سەردان و زیارەتیش هەڵبگیرێت، لە بەر ئەوەی کە ئەم بابەتە لای حکومەتی ئێرانەوە پەسەند کراوە و تەنیا پەسەندکردنی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە ماوە.
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر پێگەی گرووپەکانی دژبەری شۆڕش
ئیرەج مەسجدی لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە سەبارەت بە هەنگاوە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئێران ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان نابێت موڵەتی کردنە ئامانجی ئێران لە لایەن گرووپەکانی دژبەری شۆڕشەوە بدات. ئێمە بەردەوام داوامان لە حکومەتی هەرێم و ناوەند کردووە کە ڕێگری لەو کردەوانە بکەن بەڵام بەداخەوە کە گرووپەکانی دژبەری شۆڕش، سنورەکان تێدەپەڕێنن و پاش ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
ناوبراو وتی: دەبێت ڕێگری لەو کردەوانە بکرێت، بە پێچەوانەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار دەبێت کە لە دژی ئەو گرووپانە هەنگاوەکانی دەست پێبکات. ئێمە بە هیچ شێوازێک نامانەوێت ناوچە سنورییەکان و هەرێمی کوردستان زیان ببینن.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی دیکە داوای لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق کرد کە بە شێوازی جیدی ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن.
هێرشەکان لە بەغدا و هەولێر
ئیرەج مەسجدی لە درێژەدا وتی: دەسەڵات و سەروەری حکومەتی عێراق لە لایەن ئێرانەوە ڕێزی لێدەگیرێت. ئێمە دژی هەر هەنگاوێکین کە بە هەر شێوازێک ببێتە هۆی لاوازبوونی حکومەتی عێراق و هەروەها هەرێمی کوردستان. هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەواوی ڕوون و ئاشکرایە.
ناوبراو جەختی لە سەر پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری خۆی کردەوە و وتی: ئەگەر هەندێک کێشەی ناوخۆیی دەبینرێت، کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کات پاڵپشتی لێناکات.
ڕاوێژکارانی ئێرانی
مەسجدی وتی: لە میانەی شەڕی دژ بە داعش، هێزەکانی ئێمە پاڵپشتییان لە عێراق کرد. ڕاوێژکارانی ئێرانی هاوکاری هێزەکانی عێراقیان دەکرد. کاتێک شەڕەکە تەواو بوو، بوونی ڕاوێژکارەکان بەندە بە هەلومەرجەوە. ڕەنگە ژمارەیەک لە ڕاوێژکارەکانی ئێمە لە سەر داوای لایەنی عێراقی ئامادە بن کە ئەمەش پێویستی بە داوای عێراقەوە هەیە.
پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان ئێران و عێراق
ناوبراو سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات وتی: ئێمە لە بەشە جیاجیاکانی ئابوری و بازرگانی پێکەوە پەیوەندیمان هەیە. پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق پێشکەوتنی زۆری بە خۆوە بینیوە و هەر دوو وڵات کەڵکی لێ وەردەگرن.
کشانەوەی هێزەکانی بێگانە لە عێراق
مەسجدی وتی: بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی بێگانە لە عێراق، بڕیاری پەرلەمانی ئەم وڵاتەیە و حکومەتی عێراق وەک لایەنی جێبەجێکاری بڕیارەکە لە میانەی وتووێژەکاندا جەختی لە سەر کردووەتەوە. ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە پێویستە لە لایەن هێزەکانی ناوچەکەوە دابین بکرێت و پێویستی بە هێزی بێگانە نییە.
ئەگەری گەڕانەوەی داعش
باڵیۆزی ئێران لە بەغدا وتی: پاشماوەکانی داعش لە چوارچێوەی گرووپە بچووکەکاندا لە ناوچەیەک دەچنە ناوچەیەکی دیکە و هێزە ئەمنییەکان دەبێت ئەو دەرفەتە لەوان بگرن تا نەبنە کێشە بۆ دانیشتووانی عێراق.
هاوردەی وزە لە ئێرانەوە
ئیرەج مەسجدی وتی: ئێران و عێراق لە بواری گاز و کارەبا هاوکاری یەکتر دەکەن و ڕەنگە کە ڕێژەی هەناردە لە ماوەی ساڵدا هەندێک جار کەم یان زیاد بکرێت.
ناوبراو وتی: هەندێک جار بە هۆی پێویستی و کێشە ناوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕەنگە ڕێژەی هەناردەی گاز یان کارەبا بۆ عێراق کەم ببێتەوە.
دۆسیەی ئاو
مەسجدی وتی: لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ئێران ڕوبەڕوی کەمبوونی بارین و وشکەساڵی بووەتەوە و ئەمەش کاریگەریی لە سەر ڕێژەی ئاو هەبووە. کۆماری ئیسلامی ئێران لەم بوارەدا بە تەواوی هاوکاری عێراقی کردووە.
باڵیۆزی ئێران لە بەغدا پێشنیاری کرد کە بەرپرسانی پسپۆڕ و پەیوەندیداری هەر دوو لا ئەم پرسە تاوتوێ و لە کەشێکی دۆستانە و برایانەدا بڕیارێک دەربکەن./.