بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی کەناڵی nbc، ئامادەیی تارانی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ڤیەننا ڕاگەیاند و وتی کە حکومەتی ئەمریکا بە لاوازبوون لە هەڵگرتنی گەمارۆ ئابورییەکان و سەپاندنی گەمارۆ و سزای نوێش لە دژی تاران، پەیامی نەرێنی ناردووە.
ناوبراو وتی: پێویستە جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەرگری لە لێدوانەکانی پێشووی سەبارەت بە پاڵپشتیکردنی دیپلۆماسی بکات و بۆ ئێرانی بسەلمێنێت کە واشنتن بە جیدی هەوڵی گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ساڵی 2015 دەدات.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەدا وتی: ئەمریکییەکان دەڵێن کە ئێمە بۆ گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمان ئامادەین بەڵام بە کردەوە هیچ هەنگاوێک بۆ سەلماندنی لێدوانەکانیان هەڵناگرن و تەنانەت سزای نوێش بە سەر ئێراندا دەسەپێنن.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: بابەتەکە پەیوەندی بە ئەمریکاوە هەیە کە جیدیبوونی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی پیشان بدات کە ئەمریکا سێ ساڵ بەر لە ئێستا و لە لایەن دوناڵد ترەمپەوە لێی کشاوەتەوە.
وتیشی کە جۆبایدن ڕەخنەی لە هەڵسووکەوتی ترەمپ لە بەرامبەر ئێران دەگرت بەڵام لە ئێستادا خۆی درێژەپێدەری هەمان گەمارۆکانی سەردەمی ترەمپە لە دژی ئێران.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێمە دەروازەی دیپلۆماسی بە کراوەیی دەهێڵینەوە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا بۆ دانوستانەکانی ڤیەننا دەگەڕێینەوە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا بە ئاماژە بە تیرۆری زانایانی ئێرانی و کردەوەی تیرۆریستی لە دامەزراوە ناوەکییەکانی ئەم وڵاتە، وتی: ئێران ئامادەیە پاش ڕوونبوونەوەی، وەڵامی هەر هەنگاوێک لە دژی ئاسایشی نیشتمانی خۆی بداتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە دۆسیەی تیرۆری شەهید قاسم سولێمانیش وتی: ئێران نایەوێت ئەو دۆسیەیە بە داخراوی دابنێت بەڵکوو کراوەیە و ئەنجامدەرانی تاوانی تیرۆریستیی شەهیدکردنی فەرماندە و قارەمانە نیشتمانییەکەی شەڕی لەناوبردنی تیرۆر دەبێت دادگایی و سزا بدرێن./.