بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەکێک لەو شوێنە مێژووییانەی تاران کە بیرەوەرییەکی زۆری لە دڵی خۆیدا حەشار داوە، کاروانسەرای خاناتە.
کاروانسەرای خانات باشتر بناسین
سەردەمی سەفەوییەکان دەتوانین بە سەردەمی بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی کاروانسەراکان لە ئێران ناو ببەین. لەو سەردەمەدا شا عەباسی یەکەم بڕیاری نۆژەنکردنەوە و زیندووکردنەوەی ڕێگای ئاورێشمی دەکرد و یەکێک لە هەنگاوەکانی گەیشتن بەو ئامانجەی بە زیندووکردنەوەی کاروانسەراکان دەزانی. گرنگی، ئاوەدانی و گەشەی تارانی کۆن لە سەردەمی سەفەوییەکان دەستیپێکرد. لە ماوەی سەردەمی قاجاڕەکانیش تاران گەشەی زۆری هەبوو و لە ڕووی بیناسازییەوە گۆڕانکاری زۆری تێدا کرا، بە تایبەت لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی فەتحعەلی شا، گەڕەک و بینای نوێ لە تاران زۆر کرانەوە.
تاران لە سەر ڕێگای قۆم، خۆراسان، مازندەران، قەزوێن، گێڵان و ساوە بوو و بە هۆی ئەوەی کە ناوەندی گرنگی سیاسی، بازرگانی، کارگێڕی و مەزهەبی بوو هەر لە مێژەوە گرنگیی پێدەدرا. بەم هۆیەشەوە چەندین کاروانسەرا لەم شارەدا کرانەوە. یەکێک لەوانەش کە هێشتا ماوەتەوە، کاروانسەرای خاناتە لە ناوچەی 12 ی ئێستای تاران.
کاروانسەرای خانات لە ساڵانی 2009 و 2010 پاش نۆژەنکردنەوە، بە فەرمی کەڵکی لێ وەرگیرا. ئەم بینا مێژووییە لە درووستکردنی چەندین درامای مێژووییش بەکار هاتووە.
کاروانسەراکە تا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە، ئەڵبەت شێوازی چالاکییەکانی وەک ڕابردوو نییە. ئەمڕۆ چیدی لە کاروانەکان و ئەسپ و چوارپێکانی دیکەی ئەوان نابینرێت بەڵام لە ژوورەکانی ئەم بینا مێژووییەدا خەڵک کەسابەت و بازاڕی خۆیان دەکەن. ڕێستورانتێکیش لەم کاروانسەرایەدا هەیە کە زیاتر خواردنە ڕەسەنە ئێرانییەکان پێشکەش دەکات.
کاروانسەرای خانات وەک یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای تاران، لە ساڵی 2003 بە ژمارە 10418 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا بە فەرمی تۆمار کرا.
کاروانسەرای خانات لە کوێیە؟
کاروانسەرای خانات لە باکوری گۆڕەپانی شوش، باشوری چوارڕێیانی مەولەوی، گۆڕەپانی ئەمین سوڵتان، شەقامی ساحیب جەمعە.
مێژووی کاروانسەرای خانات
وەک مێژووناسان دەڵێن، درووستکردنی ئەم کاروانسەرایە بە پێی شێوازی بیناسازییەکەی، بۆ کۆتایی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی نەسرەدین شای قاجاڕ، واتە ساڵی 1261 ی کۆچی هەتاوی دەگەڕێننەوە، هەرچەندە بە درووستی ئەو ساڵەش پشتڕاست نەکراوەتەوە بەڵام لە نەخشەی تاران بینای کاروانسەرا هەیە. ئەو نەخشەیە ساڵی 1270 ی کۆچی هەتاوی لە لایەن نەجمولمولک ئامادە کراوە.
کاروانسەراکە لە سەر ڕێگای دەرەوەی تاران، واتە ڕێگای حەزرەتی عەبدولعەزیم بونیات نرا و لەو کاتەدا لە دەرەوەی شاری تاران بوو. تا ناوەڕاستی دەسەڵاتی نەسرەدین شای قاجاڕ تاران هێشتا لە لایەن دیواری ناسراوی سەفەوییەوە گەمارۆ درابوو بەڵام لەو کاتەدا ئەو دیوارە کۆنە ڕووخا و دیوارێکی نوێ بە ناوی ناسراوی بە دەوری شارەکەدا ڕاکێشرا. بەم پێیەش بەشی باشوری دیوارەکە لە شەقامی مەولەوی بۆ شەقامی شوش گۆڕدرا و بە پەرەپێدانی شار، کاروانسەرای خانات کەوتە ناو شاری تارانەوە.
کاروانسەرای خانات لە لایەن موساخان ئەمینەلمولک لە ساڵی 1289 ی کۆچی هەتاوی ڕادەستی سەید عەلی ئەردەهاڵی کرا و پاشان درایە سەید جەعفەر ئەردەهاڵی و لە ئاکامدا کەسێکی دیکە بە ناوی محەممەد ئەردەهاڵی. ئەم بینایە لە ساڵی 1357 ی کۆچی هەتاوی تووشی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە بوو و بەشی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەکەی زیانێکی زۆریان بەرکەوت بەڵام دەروازەی سەرەکی کاروانسەراکە هیچ زیانێکی نەبوو.
ساڵی 1388 ی کۆچی هەتاوی (2009) و بۆ ئاهەنگەکانی نەورۆز دیسانەوە کەڵک لەم بینا مێژووییە گیرایەوە و لە ساڵی دواتریش پێشانگای سەرتاسەریی پیشەسازییە دەستییەکانی ئێرانی تێدا بەڕێوەچوو.
بە گشتی 54 ژوور لە کاروانسەراکەدا دەبینرێت. ڕووبەرەکەی 10500 مەتری چوارگۆشەیە. دەروازەی کاروانسەرای خانات بە بەرزایی 5 مەتر بە چێوی ڕووسی درووست کراوە و چواردەورەکەشی بە کاشی و فەرموودەکانی حەزرەتی عەلی (ع) ڕازاوەتەوە./.