بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی لە گەڵ جۆزپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا وتی: کابینەی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە چوارچێوەی بنەماکاندا هەنگاوی کرداری دەنێت و هەوڵی ئەنجامی کردەیی لە دانوستانەکانیش دەدات.
عەبدوڵڵاهیان وتی: ئێمە بە جیدی ئەزموون و ئەنجامی پێشووی دانوستانەکان تاوتوێ دەکەین و گەڕی نوێی دانوستانەکانیش دەست پێدەکات.
ناوبراو وتی: ئێمە گرنگی بە هەڵسووکەوتی لایەنەکانی بەرامبەر دەدەین نەک لێدوان و بەیاننامەکانی ئەوان.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: نە کات بە فیڕۆ دەدەین و نە هیچ هەنگاوێکی نەرێنی ئەمریکییەکانیش قبووڵ دەکەین.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: بەداخەوە کە تا ئێستا سیاسەت و هەڵسووکەوتی ئیدارەی بایدن لە گەڵ ئێران و ڕێکەوتنی ناوەکی نەرێنی بووە، سەرەڕای ئەوەی کە بە زارەکی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ترەمپ دەگرت بەڵام بە کردەوە لە دژی ئێران هەمان سیاسەت پەیرەو دەکات./.