بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ئیسلامی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران لە شەست و پێنجەمین کۆبوونەوەی گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی وتارێکی پێشکەش کرد.
ناوبراو لەو وتارەیدا داوای لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی کرد کە واز لە کاری سیاسی بێنێت و وتی: کاتی ئەوە هاتووە کە ئەمریکا سیاسەتە هەڵەکانی ڕاست بکاتەوە و سەرەتا بە کردەوە سەرجەم گەمارۆکانی لە دژی ئێران هەڵبگرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئیسلامی بە میدیایەکی ژاپۆنیی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ساڵی 2015 جێبەجێ نەکردووە.
ناوبراو جەختی لە سەر هەڵگرتنی سەرجەم گەمارۆکانی ئەمریکا کردەوە و وتی کە ئێران هەنگاو بە هەنگاو بە پێی بڕیارەکانی ئەمریکا بڕیار دەدات.
سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران پێشتریش بە پەیامنێرانی ڕاگەیاندبوو کە داوای لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی کردووە کە پابەندی یاسا بێت و واز لە هەڵسووکەوتی دووفاقی سیاسی بێنێت./.