بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی سێ شەممە لە وتارێکدا کە بە شێوازی ڤیدیۆکۆنفرانس لە حەفتا و شەشەمین کۆڕی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاو کرایەوە، وتی: بڵاوبوونەوەی وێنەی مێژوویی هێرشی خەڵکی ئەمریکا بۆ سەر بینای کۆنگرێس و کەوتنەخوارەوەی خەڵکی ئەفغانستان لە فڕۆکەی ئەمریکی، لە واشنتنەوە تا کابوڵ یەک پەیامی بۆ جیهان هەبووە و ئەویش، ئەوەیە کە دەسەڵاتی ئەمریکا لە ناوخۆ و دەرەوە شەرعییەتی نەماوە.
ناوبراو وتی کە خۆڕاگری گەلان گەورەترە لە هێزی زلهێزەکان و ئەمڕۆ پرۆژەی سەپاندنی شوناسی ڕۆژئاوایی شکستی هێناوە، هەڵەی ئەمریکا لە چەندین دەیەی ڕابردوو ئەوە بووە کە لە جێی گۆڕینی شێوازی ژیانی خۆی لە گەڵ جیهان، شێوازی شەڕی خۆی لە گەڵ جیهان دەگۆڕێت.
ڕەئیسی ئێرانی بە مەڵبەندی کەلتور و شارستانیەت، زانست، خۆڕاگری، سەربەخۆیی، خواپەرستی و نیشتمان دۆستی ناو برد و وتی: گەمارۆدان شێوازی نوێی شەڕی ئەمریکایە لە گەڵ جیهان بە تایبەت گەلی ئێران، گەمارۆکان لە دژی گەلی ئێران نەک لە کاتی دۆسیەی ناوەکی و نەک تەنانەت لە کاتی دەستپێکردنی شۆڕشی ئیسلامی بووە، بەڵکوو لە ساڵی 1951 و لە کاتی بە نیشتمانیکردنی پیشەسازی نەوتەوە بووە و بووە کودەتای سەربازی لە دژی حکومەتی هەڵبژێردراوی گەلی ئێران و ئێستاش گەمارۆدانی دەرمان لەم سەردەمەی کۆرۆنا، تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێران هاوکات لە گەڵ زانستی ئاشتیانەی ناوەکی، جەمسەری پزیشکی ئاسیایە و پزیشکان و زانایانی ئێرانی وەک ئەبوعەلی سینا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەدرەوشێنەوە، ئەمڕۆش سەرەڕای گەمارۆ زاڵمانەکان، ئێران یەکێک لە وەبەرهێنەرانی ڤاکسێنی کۆرۆنایە.
وتیشی: سیاسەتی ئێمە پاراستنی سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکی سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەیە، ئەگەر هێز و ڕۆڵی ئێران لە گەڵ حکومەت و گەلانی سوریا و عێراق نەدەبوو و ئەگەر تێکۆشانی شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس نەدەبوو، ئێستا داعش لە دراوسێیەتی ئەورووپا دەبینرا، ئەڵبەت داعش دوایین شەپۆلی توندڕۆییەکانیش نابێت.
ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ڕایگەیاند کە داگیرکاری سەربازیی ئەمریکا لە سوریا و عێراق گرنگترین بەربەستی بەردەم مسۆگەربوونی دیمۆکراسی و ئیرادەی خەڵکە و ئیرادەی ئازاد لە ڕێگای سەپاندنی زۆری سەربازییەوە شوێن ناگرێتەوە.
ناوبراو وتی: چارەسەری شەڕ و ناکۆکییەکانی ناوچەکە، پاش گرنگیدان بە خودای گەورە، تەنیا یەک شتە، ئەویش زاڵبوونی ئیرادەی گەلانە لە سەر چارەنووسی خۆیان لە ڕێگای دەنگدان و بۆ ئەمەش دەبێت داگیرکاری زلهێزەکان کۆتایی بێت و وڵاتانی ناوچەکە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریزم لە هاوکارییەکی نزیکدا بن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی کە ئەگەر لە ئەفغانستان حکومەتێکی بنکەفراوان بە بەشداری سەرجەم پێکهاتەکان دەسەڵات بە دەستەوە نەگرێت، سەقامگیری و ئاسایش بۆ ئەو وڵاتە ناگەڕێتەوە.
ڕەئیسی قەیرانی یەمەنی بە جێی نیگەرانی ناو برد و وتی کە جیهان دەبێت کۆتایی بەم بێدەنگییەی لە بەرامبەر تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لەو وڵاتە بێنێت.
ناوبراو ڕژێمی داگیرکاری قودسی بە گەورەترین ڕێکخراوی حکومیی تیرۆریستی ناو برد و وتی کە ئەو ڕژێمە بەردەوامە لە کوشتنی ژنان و منداڵان لە کەرتی خۆرئاوا و غەززە و بە گەمارۆ زاڵمانەکانی، غەززەی کردووەتە گەورەترین گرتووخانەی جیهان.
وتیشی کە ئەمڕۆ جیهانیان بە تایبەت ئەمریکییەکان دان بەوەدا دەنێن کە پرۆژەی دژایەتی گەلی ئێران کە لەم قۆناغەدا بەپێشێلکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی و بە جێبەجێکردنی سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکان بینرا، شکستی هێناوە بەڵام هێشتا ئەو زوڵمەی ئەمریکا ماوەتەوە، ئێمە زیاتر لە مافی خۆمان ناوێت و داوای جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی دەکەین، سەرجەم لایەنەکان دەبێت پابەندی ڕێکەوتنی ناوەکی و بەڵێنەکانی خۆیان بن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیکردەوە کە تاران بە گوشارەکانی ئەمریکا ملکەچی داوا ناڕەواکانی ئەو وڵاتە نابێت و وتووێژێکیش قبووڵ ناکات کە نەگاتە هەڵگرتنی گەمارۆکان./.