بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی دووشەممە ئیدانەی دەسدرێژییە سەربازییەکانی تورکیای لە باکوری ئەم وڵاتە کرد و داوای لە ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کە هەڵوێستێکی ڕوونیان لەم بوارەدا هەبێت.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە تورکیا بە دەسدرێژییە سەربازییەکانی خۆی، یەکپارچەیی خاک و سەروەری نیشتمانی سوریای پێشێلکردووە و لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو تا ئێستا لەم سیاسەتەی بەردەوام بووە.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە مافی وەڵامدانەوەی تورکیا بۆ خۆیان بە پارێزراو دەزانن و بە پێی دەستوور و یاسای نێودەوڵەتی وەڵامی تورکیا دەدەنەوە.
بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا پاش ئەوە هاتووە کە ڕۆژی یەک شەممە ئەندامێکی سوپای ئەم وڵاتە لە ئاکامی تۆپبارانکردنی ناوچەی عەفرین لە باکوری سوریا کوژرا./.