بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەحمود عەباس زادە مشکینی وتەبێژی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران بە ئاماژە بە هەبوونی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر سنوری هاوبەش لە گەڵ عێراق، وتی کە ئەم سنورە هاوبەشە دەرفەتی هاوکاری هاوبەش دابین دەکات.
ناوبراو سەبارەت بە گرنگی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان تاران و بەغدا وتی: عێراق یەکێک لە هاوپەیمانەکانی ئێرانە لە ناوچەکە و پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە پێویست دادەنرێت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئێران وتی: ئێران لە ڕۆژە دژوارەکاندا لە گەڵ گەلی عێراق ماوەتەوە و هاوکاری ئەوانی کردووە تا لە بەرامبەر تەکفیری و تیرۆریستەکان خۆڕاگری بکەن.
وتیشی کە پێدانی خزمەتگوزارییە تەکنیکی و ئەندازیارییەکان بۆ ئێستای عێراق زۆر گرنگە و ئێران دەتوانێت لەم ڕێگایەوە کەڵک لە دەرفەتە ئابورییەکان لە گەڵ ئەم وڵاتە وەربگرێت.
عەباس زادە وتی: پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە ستراتیژی کابینەی نوێی ئێران دادەنرێت و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ عێراق بە ئەنجامی دیپلۆماسیەتی ئابوری دەتوانین ناو ببەین.
وتەبێژی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران وتی کە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان تاران و بەغدا دەتوانێت پووچەڵکەرەوەی پیلانە زاڵمانەکانی کۆشکی سپی بێت./.