بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مزگەوتی گشتی یەزد، بینایەک بە مێژوویەکی 900 ساڵە، شکۆدارترین و جوانترین بینای مێژوویی پارێزگای یەزد بە بەرزترین مینارەی جیهان لە ناوەڕاستی شاری یەزددایە. ڕوبەری مزگەوتەکە 9800 مەتری چوارگۆشەیە کە 500 مەتری چوارگۆشەی کاشی و کەتیبەکان لە خۆ دەگرێت. درێژایی مزگەوتەکە 104 مەتر و پانتاییەکەی 99 مەترە و حەوت دەروازەی هەیە.
مزگەوتی گشتی یەزد ئەمڕۆ لە بەشی ڕۆژئاوای شەقامی ئیمام خومەینی (رە) لە گەڕەکی دەروازە شاییدایە.
لێرەدا باس لە چەند ڕاستییەک سەبارەت بەم مزگەوتە مێژووییەی شاری یەزد دەکرێت:
1 – بناغەی سەرەکی مزگەوتەکە لە سەردەمی ساسانییەکان دانرا، لە سەر ئاگرکەدەی ساسانی. مزگەوتی گشتی عەتیق بە دیزانی ناسراو بە شەبستانی لە سەردەمی عەمرولەیسی سەفاری لە سەدەی سێهەمی کۆچی مانگی بونیاد نرا.
2 – مزگەوتی گشتی کۆن لە سەردەمی حکومەتی عەلادەولە گەرشاسب بن عەلی بن فەرامەرز لە سەدەی پێنجەمی کۆچی و لە بەشی ڕۆژئاوای مزگەوتی عەتیق درووستکرا کە ئاسەوارەکەشی تا سەدەی 13 ی کۆچی مایەوە و لە کاتی پەرەپێدانی بیناکە، لە ناوبراو و لە بینای نوێ زیاد کرا.
3 – بینای مزگەوتی گشتی ڕووخا و لە ساڵی 724 ی کۆچی مانگی، سەید ڕوکن ئەلدین نیزام حوسێنی مزگەوتی گشتی ئەمڕۆی کردەوە.
4 – تەمەنی سەید ڕوکن ئەلدین هێندەی نەخایاند و پاش تەواوبوونی بیناکە کۆچی دوایی کرد. بینای سەرەکی بە ناتەواوی مایەوە و لە ساڵی 732 ی کۆچی مانگی بە دەستی شەرەفەدین عەلی یەزدی تەواو کرا. لە ساڵی 777 لە سەردەمی ئەمیر تەیمور چەندین بەشی ئەو بینایە وەک هەیوانەکەی کاشیکاری کرا.
5 – خواجە جەلالەدین مەحمود خواڕەزمی کوڕی ئەمیری تەیمور بەردەنووسێکی لەم بینایە زیاد کرد و سورەتی فەتحە بە نووسینی بەهائەدین هەزار ئەسپ لە خۆشنووسە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە.
6 – بەردەنووسەکە لە سەردەمی مەحمود خواڕەزمی تەواو نەکرا و لە ساڵی 819 ی کۆچی لە سەردەمی شاهڕۆخ میرزا لە سەر دەستی نیزام کرمانی تەواو کرا. لە هەمان ساڵدا شاهڕۆخ فەرمانێکی دەرکرد تا ناوی دوانزە ئیمامەکە و نازناوەکانی خۆی لە بەردەنووسێکدا بنووسرێت و لە سەر دەروازەی گەورەی مزگەوتەکە دابنرێت.
7 – مزگەوتی گشتی یەزد دەتوانین بە تێکەڵاوێک لە سێ مزگەوتی کۆن لە چەندین قۆناغی سەد ساڵدا ناو ببەین.
8 – مزگەوتی گشتی ئێستای یەزد لە ماوەی سەد ساڵدا درووست کراوە و لە ڕاستیدا وەک ئاماژە درا تێکەڵاوێکە لە سێ مزگەوت لە قۆناغە جیاجیا مێژووییەکان و لە سەردەمی قاجاڕەکان وەک شێوازی ئەمڕۆی لێهاتووە.
9 – مزگەوتی گشتی یەزد بە درێژایی مێژوو گۆڕانکاری زۆری تێدا کراوە. بۆ نموونە، زیادبوونی هەیوانی مەڕمەڕ، درووستکردنی شوێنێک بە ناوی ڕەواق بە گەچ و خشت لە بەشی ڕاستی بیناکە، نۆژەنکردنەوە و دانانی چەندین بەردەنووس و بینای دوو مینارە لە سەر هەر دوو بەشی دەروازەکەی.
10 – شێوازی بیناسازی مزگەوتی گشتی بە بۆچوونی خوالێخۆشبوو پیرنیا، شێوازی ئازەرییە کە بە شێوازی مەغول یان ئێرانی – مەغولیش ناسراوە کە ئەم شێوازە لە بیناسازی لە هەرات و بوخاراش دەبینرێت.
11 – بەرزی مینارەکانی مزگەوتی گشتی یەزد 52 مەتر و پانتاییەکەی 8 مەترە.
12 – مینارەکانی سەر دەروازەی مزگەوتەکە لە سەر دەستی ئاغا جەمالەدین محەممەد ناسراو بە مەهتەر جەمال درووست کراوە کە وەزیری سەردەمی سەفەوییەکان بووە. مینارەکان لە ساڵی 1313 ڕووخاوە و دووبارە نۆژەن کراونەتەوە.
13 – وەک چۆن کە ئاماژە درا بناغەی سەرەتایی ئەم مزگەوتە بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە. زۆربەی مزگەوتەکانی ئێران لە سەر ئاگرکەدەکانی ساسانی درووست کراون و بە هاتنی ئیسلام ئەم ڕووداوە لە زۆربەی ئەو ئاگرکەدانە هەبووە. بە پێی هەندێک بەڵگەش، مزگەوتی گشتی یەزد یەکێک لەو ئاگرکەدانە بووە، ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە ئەم شوێنە بۆ چەندین سەدە شوێنی پەرستگە بووە.
14 – مزگەوتی گشتی یەزد کۆنترین نموونەی بیناسازی لە سەدەی نۆیەمی کۆچی لە بیناسازی بەشی مەزهەبی شارەکەیە.
15 – ڕووناکی مزگەوتی گشتی بە شێوازی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای گەچی سپی گومەزە و دیوارەکانەوەیە.
16 – لە بەشی ڕۆژهەڵاتی بیناکەوە، بەردەنووسێکی دیکە دەبینرێت کە ناوەڕۆکی وەقفنامەکەی لێ نووسراوە. مێژووی ئەو بەردەنووسە ساڵی 765 ی کۆچی مانگییە و کۆنترین بەردەنووسی تۆمارکراوی ناو بیناکەیە.
17 – هێمای پەیوەندیدار بە مەزهەبی شێعە لە سەرتاسەری ئەم مزگەوتەدا دەبینرێت، وەک ئەستێرەی 5 پەڕ بە ناوەڕۆکی ناوەکانی حەزرەتی محەممەد (د.خ)، حەزرەتی عەلی (ع)، پێنج کەسی ئالی عەبا و ئیمام حوسێن (ع).
18 – بۆ دابینکردنی خاکی کاشییەکان و خاکی پێویست بۆ بیناسازی مزگەوتەکە لە گوڵاو و خاکی کەربەلا کەڵک گیراوە، ئەمەش خاڵێکە کە زۆربەی یەزدییەکان ئاماژەی پێدەدەن.
19 – ئەندازیاری گومەزەی مزگەوتی گشتی یەزد، کەسێک بە ناوی سەعد بن محەممەد کەدوم بووە.
ئەم بینا و کۆمەڵە بینا و ئاسەوارێکی مێژوویی وایکردووە کە یەزد بە شارە مێژووییەکەی ئێران و تەنانەت جیهان بناسرێت./.