بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەم بینا مێژووییە بۆ پیشاندانی ئاسەوارە مێژووییەکانی سەردەمی قاجاڕییە لە ساڵی 2006 کرایەوە.
شاری تەورێز بە درێژایی مێژوو بە تایبەت لە ساڵانی ناسراو بە شۆڕشی مەشروتەی ئێران و پاش ئەوەش لە سەردەمی پاڵەوی، خەبات و شۆڕشی زۆری خەڵکی بە خۆوە بینیوە.
یەکێک لە بینا مێژووییەکانی ئەم شاە، ماڵەکەی ئەمیر نیزام گەڕوسییە کە پەیوەندی بە دەسەڵاتی قاجاڕەکانەوە هەیە.
ئەمیر نیزام لە بنەڕەتدا حەسەن عەلی خان، یەکێک لە دەستڕۆیشتووترین سیاسەتمەدارانی ناسرەدین شا بووە کە لە کاتی مانەوەی لە تەورێز بینایەکی درووست کرد و شێوازی بیناسازی سەردەمی قاجاڕەکان دەردەخات.
ئەم بینا مێژووییەش هێندە دڵگیر و جوان بوو کە ناسرەدین شا لە سێهەم سەردانی خۆی بۆ ئەورووپا باس و پێناسەی کرد.
حەسەن عەلی گەڕوسی یەکێک لە سیاسەتمەدارانی باڵای سەردەمی قاجاڕە کە لە ماوەی ژیانیدا گرنگترین پلە و پۆستەکانی هەبووە. ناوبراو سەرەڕای ئەوەی کە ڕاوێژکار بووە، باڵیۆزی ئێرانیش لە فەرەنسا بووە و لەو ماوەیەدا کەرەستەی چاپی پارەی ئاسنی لە گەڵ خۆی هێنایە ئێران. ئەم کەسایەتییە سیاسییە ڕۆڵی بەرچاوی لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە جگەرەکێشان هەبووە.
سەرەڕای ئەمەش، لە کۆتا ڕۆژەکاندا ناوبراو بۆ شاری کرمان دوور خرایەوە و هەر لەوێش کۆچی دوایی کرد. پاش ئەمیر نیزام، دەسەڵاتدارانی دواتری ئازەربایجان لە بیناکەیدا نیشتەجێ کران.
بە پێی گرنگی و بایەخی زۆری ماڵەکەی ئەمیر نیزام، بەڕێوەبەرایەتی کەلەپور، پیشەسازی دەستی و گەشتیاریی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لە ساڵی 1370 (1991) کڕی و پاش تۆمارکردنی لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران، وەک مۆزەخانەی تایبەت بە سەردەمی قاجاڕ کەڵکی لێ وەرگیرا.
ئەم بینایە 1150 مەتری چوارگۆشەیە و چەندین بەشی جۆربەجۆر لە خۆ دەگرێت./.