بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عومران خان سەرۆک وەزیرانی پاکستان وتی کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە کارەساتێکە بۆ پاکستان و ئەو وڵاتانەی بەرەو گەشەسەندن هەنگاو دەنێن.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: لێک نزیکبوونەوەی ئێران و سعوودیە لە بەرژەوەندی پاکستانە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەوان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئەمەش بۆ پاکستان و وڵاتانی دیکە کە بەرەو گەشەسەندن هەنگاو دەنێن، کارەساتە.
عومران خان وتی کە ئێران دراوسێی پاکستانە و دەبێت هاوکاری بکرێت و پەیوەندییەکان باشتر بکرێت، لە بەر ئەوەی کە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی پاکستان و ناوچەکە ئەمەی دەوێت.
وتیشی کە سعوودیەش هاوپەیمانی پاکستانە و تا ئێستا چەندین جار هاوکاری ئێمەی کردووە.
سەرۆک وەزیرانی پاکستان وتی کە ئەرکی هەموو وڵاتانە کە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە هەنگاو بنێن.
لە ساڵی 2019 سەرۆک وەزیرانی پاکستان دەستپێشخەرییەکی بۆ لێک نزیککردنەوەی ئێران و سعوودیە خستەڕوو و سەردانی ئەم دوو وڵاتەی کرد بەڵام ئەنجامێکی نەبوو./.