بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ئەندامبوونی ئێران لە ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای ڕایگەیاند کە گەڕانەوەی ئێران بەرەو بەرەی ڕۆژهەڵاتی جیهان هەنگاوێکە بۆ گەیشتن بە بازاڕە گەورەکانی جیهان و بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئێران خۆشحاڵە بە قبووڵکردنی لە بەرەی تایبەت بە ڕووسیا و چین و ئەمەش وەک دەروازەیەک دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوە و بێ کاریگەرکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا.
هاوکات فەیاز زاهید شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاندووە کە مۆسکۆ و پەکین دەنگیان بە ئەندامبوونی ئێران لە ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای داوە لە بەر ئەوەی کە چاوەڕوان دەکەن دۆسیەی ناوەکی چارەسەر بکرێت.
ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای ڕاگەیاندووە کە بە بۆچوونی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی شانگهای، ئێران پابەندی ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەبێت لە بەر ئەوەی کە سزا و گەمارۆکان یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم گەیشتنی ئێران بەم ڕێکخراوە لە ساڵانی ڕابردوو بووە.
وتیشی کە ڕووسیا و چین و هیندستان بۆ وەبەرهێنان لە ئێران چاوەڕوانی هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئەم وڵاتەن./.