بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی وتارێکی لە بیست و یەکەمین کۆنفرانسی لوتکەی ڕێکخراوی هاریکاری شانهگای کە لە پایتەختی تاجیکستان بەڕێوەچوو، وتی: جیهان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ، سەردەمی زاڵبوون و دەسەڵاتدارێتی تاکلایانە کۆتایی هاتووە، سیستەمی نێودەوڵەتی بەرەو چەند جەمسەری و دابەشکردنەوەی هێز و دەسەڵات لە بەرژەوەندی وڵاتانی سەربەخۆ بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات، لە هەلومەرجی ئێستا، ئاشتی و ئاسایشی جیهانی لە لایەن وڵاتێکەوە کە خۆی بە زاڵ دەزانێت و هەروەها لە لایەن تیرۆر و توندڕۆیی و جوداییخوازییەوە هەڕەشەی لە سەرە، ئەو هەڕەشانەش مەترسیی لە سەر بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان بە تایبەت ئەندامان و هاوبەشەکان لە ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای داناوە.
ناوبراو وتی: ئاسیا وەک ڕابردوو کەوتووەتە ناوەندی گۆڕانکارییەکانی جیهان. پاراستن و پتەوکردنی ئاشتی لەم ناوچە بەربڵاوە، نەک تەنیا یەک بژاردە بەڵکوو پێویستییەکی سەرەکییە. ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای و ئیرادەی هاوکاریی وڵاتانی ئەندام، وەک متمانەی بەرامبەر، بەرژەوەندی هاوبەش، یەکسانی، ڕێز لە جۆربەجۆری کەلتوری و … دەتوانێت ئامرازێکی گرنگی پاراستنی ئاشتی لە سەدەی 21 بێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی، ڕایگەیاند کە جیهانی ئەمڕۆ ڕوبەڕوی چەندین کێشە و قەیران بووەتەوە کە چارەسەرکردنیان لە توانای یەک وڵاتدا نییە، کێشەی یەکەم، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە نەک تەنیا لە ڕووی تەندرووستییەوە هەڕەشەی لە سەر دانیشتووانی جیهان داناوە، بەڵکوو لێکەوتەی زۆری لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و ئەمنی هەبووە. گەمارۆکان یان تیرۆریزمی ئابوری، کێشەیەکی دیکەیە کە بووەتە ئامرازی دەستی وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆیان بە سەر وڵاتانی دیکەی جیهان و ئەمەش ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی هاوکاری ناوچەیی لە نێوان وڵاتانی جیهان دەکات.
ناوبراو هەروەها ناسەقامگیریشی بە هۆکارێکی تێکدەری گەشە و پێشکەوتنی ئابوری ناو برد و جەختیکردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 40 ساڵە لە بەرەی شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدایە و خزمەتی شیاوی بۆ مسۆگەربوونی ئاشتی و دادپەروەری لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا هەبووە.
ڕەئیسی هەروەها بە ئاماژە بە گرنگی هەوڵە هاوبەشەکانی ئێران و ڕووسیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە سوریا، وتی کە زیاتر لە دوو دەیە نمایشی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە لایەن ئەمریکاوە لە ئەفغانستان و عێراق، دەرفەتی گەشە و ئاسایش و ئاشتیی لەم دوو وڵاتە لە ناو بردووە و لەم چەند ساڵەشدا دیسانەوە ئەمریکا نموونەیەکی شکستخواردووشی لە سوریا جێبەجێ کردووە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵات و داگیرکاری ئەمریکا لە سوریا یەکێک لە ئاڵۆزترین و ناسەقامگیرترین ناوچەکانی ئەم وڵاتەیە.
ناوبراو وتی کە تەنیا ڕێگای دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، هاوکاری هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکەیە بە دوور لە دەستێوەردانی بێگانەکان./.