بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا ئەندامی چاودێری ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای بووە و لە ڕۆژی هەینی 17 ی ئەیلول ی 2021 و لە بیست و یەکەمین کۆنفرانسی لوتکەی ئەم ڕێکخراوە بووە ئەندامی فەرمی و هەمیشەیی.
ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی وتارێکی لە کۆنفرانسەکەدا وتی کە هیوادارین ڕێکخراوی شانگهای درێژە بە ڕێگای پڕدەسکەوتی خۆی بدات کە لەوەدا سەرکەوتوو بووە لە ماوەیەکی کەمدا پێگەی باڵای ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە دەست بێنێت.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە ئەندامبوونی ئێران لە ڕێکخراوی شانگهای کاریگەری زۆری لە سەر هاوکارییەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئاسایی دەبێت.
تێڕوانینێک لە سەر ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای
ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای بە زنجیرەیەک لە هاوبەشیی ناوچەیی لە ئاسیا هەژمار دەکرێت کە بە بێ ئەندامبوونی هەمیشەیی ئێران، بەو پێگە ژئۆستراتیژی و ئابورییەوە لە کیشوەری ئاسیا، ئەڵقەکانی تەواو نەدەکران.
ئێران ماوەی 15 ساڵ وەک ئەندامی چاودێری ڕێکخراوی شانگهای بووە و سەرەڕای داواکارییە بەردەوامەکان بەڵام ئەندامبوونی فەرمیی تا هەینی 17 ی ئەیلول مسۆگەر نەبوو.
ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان و بە کۆبوونەوەی سەرکردەی وڵاتانی ڕووسیا، چین، کازاخستان، قڕقیزستان و تاجیکستان لە ساڵی 1996 لە شاری شانگهای لە ژێر ناونیشانی شانگهای 5 ڕاگەێندرا. هەر بۆیە ئەم ڕێکخراوە بە درێژەی ڕێکخراوی شانگهای 5 دەناسرێت کە لە ساڵی 2001 بە قبووڵکردنی داوای بەئەندامبوونی ئۆزبەکستان و گەیشتنی ژمارەی ئەندامەکانی بە 6 وڵات، ناوەکەی بۆ ڕێکخراوی شانگهای گۆڕدرا.
پاش ئەوەش، لە حوزەیرانی ساڵی 2002، سەرۆکی وڵاتانی ئەندام لەم ڕێکخراوە لە کۆبوونەوەی لوتکە لە ڕووسیا پەیرەو و پرۆگرامی ڕێکخراوەکەیان واژۆ کرد و بەمەش ڕێکخراوی شانگهای بە فەرمی و بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دامەزرا.
لە ساڵی 2005 سێ وڵاتی ئێران، هیندستان و پاکستان وەک ئەندامی چاودێر پەیوەندییان بەم ڕێکخراوەوە کرد. هیندستان و پاکستان لە ساڵی 2017 بوونە ئەندامی هەمیشەیی. ئێرانیش لە ساڵی 2006 و 2015 دوو جار داوای لەو شێوەی کردبوو.
ئەفغانستان، مەغولستان و بیلاڕووس لە ئەندامانی دیکەی چاودێری ئەم ڕێکخراوەن. لە 10 ی تەمموزی 2015 وڵاتانی ئەرمینیا، ئازەربایجان، نیپاڵ، کەمبودیا، تورکیا و سریلانکا داوای ئەوەیان کردووە کە ببنە ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای.
لە ڕووی جوگرافییەوە ڕێکخراوی شانگهای نزیکەی 60 کیلۆمەتری چوارگۆشە و هەروەها نزیکەی 3 ملیار کەسیش حەشیمەت لە خۆ دەگرێت، واتە یەک لە سەر سێی ڕوبەر و دانیشتووانی جیهان. زمانە کاریگەرەکان لەم ڕێکخراوەدا چینی و ڕووسییە و زیاتربوونی ژمارەی ئەندامان دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە ڕووی ڕوبەر و حەشیمەتەوە بەرفراوانتر ببێت.
هۆی دامەزراندنی ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای؟
لە پشت دامەزراندنی هەر هاوپەیمانی و ڕێکخراوێکی ناوچەیی و جیهانی فەلسەفەیەک خۆیی حەشار داوە. پێکهێنانی ڕێکخراوی شانگهای بە هەمان شێوە ئامانجێکی لە پشتەوە بووە کە دەتوانێت وەک سیاسەتی یەکگرتنی ئاسایی لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان، لە گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکەوە تا هەڕەشەکانی ڕۆژئاوا لە ڕێگای ڕێکخراوی سەربازی ناتۆوە ناوی ببەین.
لە ڕاستیدا سەرەتای هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەمنی وڵاتانی جیاوەبووی یەکێتی سۆڤییەت لە ڕێگای ڕێکخراوی شانگهایەوە بوو. لەو کاتەدا ئەو وڵاتانە بەوە گەیشتن کە ناتوانن بە تەنیایی ڕوبەڕوی هەڕەشە ئەمنییەکان و کێشە و گرفتەکانی دیکە ببنەوە، هەر بۆیە گرنگییان بە هاوکاری هاوبەش لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی ناوچەییەوە دا کە بتوانن ئامانجە ئەمنییەکانی خۆیان مسۆگەر بکەن.
بە پێی ئامانجەکانی ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای، بەدەر لە چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە سنورییەکانی وڵاتانی ئەندام، جەخت لە سەر کاری هاوبەش لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، گرووپە جوداییخوازەکان، گرووپە توندڕۆکان و بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک قاعیدە و ئەوانەی سەر بە تاڵیبان کراوەتەوە. بەڵام نابێت باس لە دوو ئامانجی گرنگی دیکەش نەکرێت، یەکەم، چارەسەرکردنی بەربەستە ئابوری و بازرگانییەکان و دووەم، بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی تاکلایانە لە ئاستی نێودەوڵەتی.
ئێران و ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای
ئێران وڵاتێکی گرنگ لە ڕووی جوگرافی، بە هەبوونی حەشیمەتێکی زیاتر لە 80 ملیۆن کەسی و هەورەها دەوڵەمەندە بە سەرچاوەکانی نەوت و گاز، دەتوانێت ئەندامێکی کارا و کاریگەر لەم ڕێکخراوەدا بێت. بوونی ئێران وەک ئەندامی فەرمی و هەمیشەیی لە ڕێکخراوی شانگهای دەتوانێت بەرژەوەندی زۆری بۆ ئەم وڵاتە و وڵاتانی دیکەی ئەندام بێت.
پەیوەندی لە گەڵ ئێران بۆ زۆربەی وڵاتان و ڕێکخراوەکانی جیهان بە تایبەت چین و ڕووسیا گرنگە. ڕوون و ئاشکرایە کە چین و ئێران بەرژەوەندی هاوبەش و ستراتیژییان لە ناوچەی کەنداوی فارس هەیە. بە بۆچوونی شارەزایان ئێران دەتوانێت پێگەی چین لە ناوچەکە بەهێزتر بکات.
بەدەر لەمەش، چین دووم هێزی ئابوری جیهانە و بە هەبوونی گەشەی بەردەوامی ئابوری، پێویستی بە سەرچاوەکانی نەوت و گازی ئێران هەیە. هەوڵدان بۆ مسۆگەربوونی پلانی 25 ساڵەی نێوان هەر دوو وڵات بە بێ گرنگیدان بە پێگەی ستراتیژی ئێران سەر ناگرێت، هەر بۆیە چین لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگییەکی زۆر بە پێگەی ئێران دەدات.
بە هەمان شێوە، بوونی پەیوەندی لە گەڵ ئێران بۆ ڕووسیاش گرنگە. لە ڕووی ئابوری، سیاسی، بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا، تیرۆر و …. پەیوەندییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ گرنگی و بایەخی تایبەت بە خۆی هەیە.
بە گشتی دەتوانین بڵێین کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پێکهێنانی ڕێکخراوی شانگهای، بەرەنگاربوونەوەی هەژمونی ئەمریکایە و لەم پێناوەدا بوونی ئێران دەتوانێت کاریگەری زیاتر بە چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە ببەخشێت.
زیاتر لەمەش، چین و ڕووسیا دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و خاوەن مافی ڤیتۆن و لە پێناو سیستەمی چەند جەمسەری لە جیهاندا هەنگاو هەڵدەگرن. هەر بۆیە بوونی ئێران لە ڕێگخراوی شانگهای دەتوانێت بەستێنی ئامادەبوونی زیاتری لە ڕووی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە زیاتر بکات.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە کە خەڵک کاریگەرییەکانی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی شانگهای لە پلانی ئابوری کابینەی نوێ ئەم وڵاتەدا دەبینن. ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە پرۆسەی بەئەندامبوونی ئێران لە سەرجەم بەشەکانی ئەم ڕێکخراوە پێویستی بە یەک ساڵ یان زیاتر کات دەبێت./.