بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی سەردانەکەی بۆ تاجیکستان، لە چاوپێکەوتنی عومرانخان سەرۆک وەزیرانی پاکستان، پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتی بە پێی خاڵە هاوبەشە مێژوویی و کەلتورییەکان، زیاتر لە دراوسێیەتی پێناسە کرد و وتی کە نابێت دەرفەتی ئەوە بدەین پیلانگێڕی بێگانەکان زیان بەم پەیوەندییە زۆر باشە بگەێنێت.
ڕەئیسی بە ئاماژە بە سنورێکی بەرفراوانی هاوبەش لە نێوان هەر دوو وڵات و دەفرایەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە ناوچە سنورییەکان، وتی: بەردەوامبوونی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچە سنورییەکان دەتوانێت ئاستی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان بەرزتر بکاتەوە و یارمەتیدەری گەشە و ئاوەدانی زیاتری ئەو ناوچانەش بێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا وێڕای قبووڵکردنی داواکاری بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێک سەبارەت بە دۆخی ئەفغانستان، وتی: دەبێت هەوڵ بدرێت حکومەتێک لە ئەفغانستان پێک بهێندرێت سەرجەم لایەنەکان و پێکهاتەکان لە خۆ بگرێت و پیشاندەری ئیرادەی خەڵکی ئەم وڵاتە بێت و کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەفغانستانیش پێکهێنانی ئەو حکومەتە و ڕێگری لە دەستێوەردانی وڵاتانی بێگانەیە.
ڕەئیسی وتی کە ئەنجامی 20 ساڵەی داگیرکاری ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئەفغانستان تەنیا خەراپی، ڕووخان، ئاوارەیی، کوشتن و بریندارکردنی خەڵک بە تایبەت 35 هەزار منداڵی ئەفغانی بووە و ئێستا کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەرفەتێکی مێژووییە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی پاڵپشتیکراو لە لایەن خەڵک و جێگیربوونی ئاشتی و سەقامگیری لەم وڵاتە.
لەو چاوپێکەوتنەدا سەرۆک وەزیرانی پاکستانیش جەختیکردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵی پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەدات./.