بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق بڕیارە لە 10 ی مانگی ئۆکتۆبەر بەڕێوە بچێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی سڤیل زیادی کردووە. هەروەها بە پێی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، 600 چاودێری بیانی چاودێریی ئەم پرۆسەیە دەکەن. هەروەها 3 هەزار و 249 کاندید لە چوارچێوەی 21 هاوپەیمانی و 109 حیزب و لایەنی سیاسی لە گەڵ کەسایەتییە سەربەخۆکان بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی لە پەرلەمانی عێراق کێبڕکێ دەکەن.
بۆ تاوتوێکردنی دوایین دۆخی سیاسی عێراق و تێڕوانینە ناوخۆییەکان و پیلانگێڕییە دەرەکییەکان بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە دژی پرۆسەی سیاسی ئەم وڵاتە، ئاژانسی ئانا ی ئێرانی لە گەڵ محەممەد عەلی حەکیم، شارەزا لە کاروباری سیاسی عێراق، وتووێژی کردووە کە لە درێژەدا وەرگێڕانی بە کوردی هاتووە:
لە ناوەندە سیاسییەکانی عێراق و لە گەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، هەندێک باس لە پیلانی ئەمریکا بۆ تێکدانی ئەم پرۆسەیە دەکەن و تەنانەت چەندین سیناریۆی واشنتن لەم بوارەدا باس کراوە کە یەکێک لەوان دواخستنی هەڵبژاردنەکانە. ئامانجی واشنتن لەم پیلانگێڕییەی دژ بە هەڵبژاردنەکانی عێراق چییە؟
نەک تەنیا ئەمریکا، بەڵکوو یەکێتی ئەورووپا، هەندێک لایەنی سیاسی ناوخۆیی، بەشێک لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی تایبەتی لە عێراق، ئەمانە بە گشتی هەوڵی تێکدانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەدەن. بۆ نموونە، پلاسخارت بە چەندین جار ڕایگەیاندووە کە هەڵبژاردنەکان کێشەی بە دواوە دەبێت و جێی ناکۆکییە. لە ڕووی ناوخۆییشەوە، هەندێک لایەنی سیاسی دژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانن، لە بەر ئەوەی کە دەزانن شانسێکی ئەوتۆیان بۆ گەیشتن بە پەرلەمان و حکومەتی داهاتوو نییە و هەوڵ دەدەن بە هەر شێوازێک کێشە لە بەردەم ئەم پرۆسەیەدا بخوڵقێنن.
لە ڕووی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشەوە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا بە هۆی ئەوەی کە هەڵوێستەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گەڵ ئەوان، ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی دراوسێی عێراق یەک دەگرێتەوە، هەوڵ دەدەن چەندین سیناریۆ جێبەجێ بکەن. یەکەم سیناریۆ تێکدانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی کاتییە، بە دڵنیاییەوە کە لە وەها دۆخێکدا یان حکومەتی کاتی پێک دێت یان دۆخی ناوخۆیی تێک دەچێت، ئامانجی ئەوان ئەوەیە کە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە بەڕێوە نەچێت و وڵات بەرەو شەڕی ناوخۆیی ببرێت تا ئەمریکا بتوانێت درێژە بە مانەوەی هێزەکانی بدات یان لانیکەم باڵیۆزخانە و بنکە سەربازییەکانی لە هێرشە مووشەکییەکان بپارێزێت.
بە دڵنیاییەوە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە هەر شێوازێک دەیانەوێت ناکۆکی بخوڵقێنن، کە هەرچی ناکۆکییەکانیش زیاتر بێت، لە بەرژەوەندی ئەوان و ئەمریکایە، ئەوان سەقامگیری عێراق لە دژی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکە دەزانن. ئەمریکییەکان دەیانەوێت لە عێراقدا بمێننەوە تا لە داهاتووی ناوچەکە شوێنیان هەبێت، واشنتن دەڵێت 7 ترلیۆن و 600 ملیار دۆلاری لە عێراقدا بەکارهێناوە و نایەوێت بە شکست و سەرشۆڕی ئەم وڵاتە بە جێ بێڵێت.
هۆکاری یەکگرتنەوەی هەندێک لایەنی ناوخۆیی و لایەنە دەرەکییەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان چییە و هەڵوێستی گرووپەکانی خۆڕاگری چۆن دەبینن؟
خۆڕاگری دەیەوێت پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت، لە بەر ئەوەی کە ئەم دۆخەی ئێستا چەندان خوازراو نییە و هەر گرووپ و لایەنێک هەڵوێستی تایبەت بە خۆیی هەیە، دەبێت سەقامگیری لە عێراق زیاتر بەدی بکرێت بەڵام ئێستا هەست بەوە دەکەین کە وا نییە.
یەکگرتنی لایەنەکانی دەرەوە و هەندێک لایەنی ناوخۆیی عێراق لە پێناو دواخستنی هەڵبژاردنەکان چەندین هۆکاری هەیە. بۆ نموونە، کازمی وەک سەرۆک وەزیران ڕێگرییەکی لەو هەوڵانە نییە و کەسانی نزیک لەو هەوڵ دەدەن کە وەک پردێک بۆ داهاتووی خۆیان بەکاری بێنن. لایەنەکانی دەرەوەش هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەدەن لە بەر ئەوەی کە سەقامگیری عێراق لە زیانی خۆیاندا دەبینن و هەوڵ دەدەن بە هەر شێوازێک خۆیان بە پاڵپشتی ڕژێمی زایۆنیستی پیشان بدەن، بەشێک لەوان شوێنکەوتووی سیاسەتەکانی تەل ئەبیبن و ئامانجی زایۆنیستەکانیش لاوازبوونی عێراق، حەشدی شەعبی، مەرجەعیەت، خۆڕاگری و ناوچەکەیە بە گشتی.
زایۆنیستەکان بە لاوازبوونی ئەم چەند هۆکارە گرنگە لە ناوچەکە ئارام دەگرن، هەر بۆیە بەکرێگیراوەکانی خۆیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان هان دەدەن و ئامانجی سەرەکی ئەوانیش تێکدانی ڕەوشی ناوخۆیی عێراقە. عێراق و ناوچەکە ئەگەر سەقامگیری زیاتریان هەبێت، بە واتای مەترسی لە سەر ئیسرائیل دەبێت و تەنانەت هەڕەشەشە لە سەر ئەو وڵاتانەی کە خۆیان بە هاوخەمی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە ناوچەکە پیشان دەدەن.
بەرەی عەرەبی و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵ دەدەن لە سیناریۆکانی دژ بە عێراق پاڵپشتی ڕژێمی زایۆنیستی بکەن و دەتوانین بڵێین کە ئەگەر هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەر بەڕێوە نەچێت، لە داهاتووشدا هەڵبژاردنەکان ناکرێت. لەم دۆخەدا دوو بژاردە بۆ عێراق لە ئارادایە: یەکەم، پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و دووەم، تێچوونی دۆخی عێراق و ناوچەکە. بێگومان کە ناکۆکییە ناوخۆییەکان تەنیا بەسراوەی سنورەکانی عێراق نابێت و کاریگەریی لە سەر ناوچەکەش دەبێت. وڵاتانی ڕۆژئاوا دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە بگەنە ئامانجەکانی خۆیان لە ناوچەکە.
لەو بڕوایەدام کە پێگەی مەرجەعیەت لە عێراق ڕێگا بە سەرگرتنی ئامانج و پیلانگێڕی دوژمنان نادات و ئایەتوڵڵا سیستانی دەتوانێت بە فەتوایەک یەکڕیزی لە کۆمەڵگای عێراق دابین بکات. لە ئەگەری بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنەکان، نزیکترین بژاردە هەمان پێکهێنانی حکومەتی کاتییە. مەرجەعیەت پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەکات بەڵام گوشاری زۆریش هەیە کە تەنانەت ناوبراو باسی هەڵبژاردنەکان نەکات.
گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بۆ گەلی عێراق چییە؟
ئەگەر هەڵبژاردنەکان بەڕێوە بچێت، وڵات ئارامی و سەقامگیری بە خۆوە دەبینێت، بەڵام ئەگەر وا نەبێت دەچینە تونێلێکی تاریک کە ڕەنگە تێیدا تەڕ و وشک پێکەوە بسووترێن، بەم هۆیەوە دەبینین کە گوشارەکان لە سەر پێکهاتەی سیاسی عێراق و بە تایبەت لە سەر مەرجەعیەت زیاتر بووە. مەرجەعیەت پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2008 بە هیچ شێوازێک پاڵپشتیی لە هیچ لایەنێک نەکردووە و تەنیا باسی ئەوەی کردووە کە گەلی عێراق باشترینەکان هەڵبژێرن، حکومەتەکانی عێراقیش بە هۆی پشتگوێخستنی ئامۆژگارییەکانی مەرجەعیەت کێشەی زۆریان بۆ وڵات خوڵقاندووە.
ئەگەر وەک هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ڕێژەی بەشداری خەڵک کەمتر بێت، ئامانجەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی مسۆگەر دەبێت، لە ڕاستیدا ئەمە سیناریۆی دووەمی دوژمنانە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەم ڕێگایەوە لە ڕووی شەرعییەتەوە ڕوبەروی پرسیار بکەنەوە.
دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چ ڕۆڵێکیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێرقدا هەیە؟
بە داخەوە کە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵێکی نەرێنییان هەبووە، ئەو بە ئاشکرا لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا دەستێوەردانی هەیە و باس لە کێشەی ئەم پرۆسەیە دەکات، لە لایەکی دیکەوە بە بەیاننامە و لێدوانەکانیەوە هەوڵ دەدات وڵات لە کەشی هەڵبژاردنەکان دوور بخاتەوە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە عێراق سەربەخۆ نییە و لایەنگریی پێوە دەبینرێت.
لەم ماوەیەدا حکومەت و چەند لایەنێکی سیاسی لە سەر ئەم دۆخە و دەستێوەردانەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان داوە، پێم وایە کە بەغدا دەبێیت هەڵوێستێکی بەهێزتری هەبێت و تەنانەت داوای گۆڕینی پلاسخارت بکات. بە گشتی، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان تا ئێستا هەڵوێستێکی ئەرێنییان لە سەر هەڵبژاردنەکانی عێراق نەبووە و دەتوانین بڵێین کە زۆربەی سیاسەتمەداران و چاودێرانی کاروباری عێراق لەم دۆخە ناڕازین./.