بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عومران خان سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن وتی کە باشترین ڕێگای گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ئەفغانستان، هاوکارییە لە گەڵ تاڵیبان و هاندانی ئەوان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر و ڕەچاوکردنی مافەکانی خەڵک بە تایبەت ژنان.
ناوبراو وتی: کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەفغانستان بە دەستی تاڵیبانەوەیە و ئەگەر بتوانن حکومەتێکی گشتگیر پێک بێنن و سەرجەم لایەنەکان کۆبکەنەوە، ئەفغانستان لە پاش 40 ساڵ دەتوانێت بە ئاشتی بگات، بەڵام ئەگەر هەر هەڵەیەک بکرێت گەورەترین قەیرانی مرۆڤی، واتە پەنابەرەکان، دێتە پێشەوە کە پاکستان نیگەرانیی لەمە هەیە.
سەرۆک وەزیرانی پاکستان هۆشدارییدا کە ئەفغانستان بە هێزی دەرەکی کۆنتڕۆڵ ناکرێت.
عومرانخان وتی: هیچ حکومەتێکی بەسراوەی دەرەوە لە لایەن خەڵکی ئەفغانستانەوە پاڵپشتی ناکرێت، هەر بۆیە لە جێی ئەوەی کە بمانەوێت تاڵیبان کۆنتڕۆڵ بکەین دەبێت ئەوان هان بدەین، حکومەتی ئێستای ئەفغانستان بە بێ هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان ناتوانێت ئەم قەیرانە کۆنتڕۆڵ بکات، هەر بۆیە پێویستە گوشارەکانی سەر ئەوان بە ئاراستەیەکی درووستدا بێت.
وتیشی کە بەردەوام ئەوەمان بە بەرپرسانی ئەمریکی ڕاگەیاندووە کە ناتوانن بە ئامانجەکانی خۆیان لە ئەفغانستان بگەن.
عومرانخان وتی کە دۆخی سیاسی، ئابوری، ئەمنی و کۆمەڵایەتی ئەفغانستان کاریگەری زۆری لە سەر پاکستانیش دەبێت./.