بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فیلیپۆ گراندی ڕێکخەری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران نیگەرانی خۆی لە سەر دۆخی مرۆڤی لە ئەفغانستان ڕاگەیاند.
شاندی نوێنەرایەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان ڕایگەیاند کە گراندی ئەم بابەتەی لە کۆتایی سەردانە سێ ڕۆژەکەی بۆ کابوڵ باس کردووە کە ئەگەر ڕەوتی خزمەتگوزاری گشتی و ئابوریی ئەفغانستان ڕوو لە باشتربوون نەکات ئەم وڵاتە ناسەقامگیری، ئاوارەیی و نەهامەتی زیاتر بە خۆوە دەبینێت.
ڕێکخەری کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت لە زووترین کاتدا پەیوەندی بە ئەفغانستانەوە بکەن تا ڕێگری لە قەیرانێکی گەورەتری مرۆڤی لەم وڵاتەدا بکرێت.
گراندی ڕایگەیاندووە کە قەیرانی مرۆڤی لە ئەفغانستان نەک تەنیا لە سەر ناوچەکە، بەڵکوو کاریگەریی لە سەر جیهانیش دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە کە زیاتر لە 3 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە ئەفغانستان بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ئاوارەی ناوخۆی ئەم وڵاتە و دەرەوە بوون.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا زیاتر لە 18 ملیۆن ئەفغانی پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە./.