بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە یاسایەک بە ئامانجی پەرەپێدانی چالاکییەکانی کەرتی تایبەت ئامادە دەکرێت تا ئەم کەرتە لە ستراتیژی دابەزاندنی ڕێژەی هەژاری و بێکاری و بەشداری لە گەڵ کەرتی حکومی ڕۆڵ بگێڕێت.
پاش هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 سەرجەم ئەو کابینانەی دەسەڵاتی ئەم وڵاتەیان بە دەستەوە بووە بە چەشنێک کەرتی تایبەتیان پشتگوێ خستووە و گرنگییان پێنەداوە و لایەنە سیاسییە دەستڕۆیشتووەکان زیاتر بە بێ ئەوەی کە چاودێرییەک هەبێت کاڵا و پێداویستییەکانی خۆیان هاوردە کردووە، ئەمەش کاریگەری نەرێنیی لە سەر ئابوری عێراق بە تایبەت وەبەرهێنانی ناوخۆیی ئەم وڵاتە داناوە.
بە وتەی خالید بەتاڵ وەزیری پلاندانانی عێراق، حکومەت بەنیازە ئاسانکاری لە ڕێوشوێنە ئیدارییەکان بکات تا بەستێنی پێویست بۆ سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان بە تایبەت لە بواری کشتووکاڵ و گەشتیاری دابین بکرێت.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە حکومەتی ئێستا ناتوانێت بەرپرسیاریەتی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت لە ئەستۆ بگرێت، لە بەر ئەوەی کە کاری زۆری دەوێت و تەمەنی حکومەتەکەی کازمی هێندەی نەماوە.
ناوبراو وتی: هەوڵی ئەوەماندا کە لە بڕگەکانی بودجەی ساڵی 2021 دەرفەتی پێویست بۆ چالاکییە ئابورییەکان بە کەرتی تایبەت بدەین بەڵام لە لایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە تۆمەتبار کراین و ئەوەمان بۆ نەکرا.
سەفار وتی: هەوڵێک هەیە کە دەیەوێت کەرتی ئابوری عێراق بەم شێوازە بمێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، جەمال کۆچەر ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتی: کەرتی تایبەت بە هۆی سیاسەتەکانی حکومەتەوە ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە و قەیرانی کۆرۆناش کاریگەری زۆری لە سەر چالاکییەکانی داناوە.
ناوبراو وتی: کەرتی تایبەت لە عێراق لاواز بووە و دەبێت بە هاوکارییە داراییەکان و ڕاکێشانی سەرمایەی نوێ پاڵپشتی لێبکەین و لە جێی هاوردە پەنا بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی ببەین.
عەلی کەرخی شارەزای ئابوری عێراقیش ڕایگەیاند کە چالاککردنەوەی کەرتی تایبەت لە گەڵ هەنگاوەکانی حکومەت بۆ پاڵپشتی لەم کەرتە دەتوانێت لانیکەم لە ماوەی دوو ساڵدا یەک ملیۆن هەلی کار دابین بکات.
ناوبراو وتی: یەکەم یاسای پێویست بۆ کەرتی تایبەت، پاڵپشتییە لە وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە بەرامبەر هاوردەکردن، پاڵپشتی لە کارگە و یەکە وەبەرهێنەرەکان بە پێدانی قەرزی بانکی کەم سوود، چاکسازی لە یاسای کار و سەرمایەگوزاری و هەروەها پاڵپشتی و پاراستنی بازرگانان و چالاکوانانی ئابوری./.