بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد موحی وتەبێژی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسی ئێرنا وتی: هیچ متمانەیەکمان بە ئەمریکییەکان نییە، ئەمریکا ڕێز لە بەڵێنەکانی خۆی ناگرێت و تەنیا کات بە فیڕۆ دەدات، هیچ بەڵێنێکیش چ لە لایەن ئەمریکا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یان حکومەتی عێراقەوە جێی متمانە نییە لە بەر ئەوەی کە ئەمریکییەکان پابەندی بەڵێن و بڕیار و ڕێکەوتنەکانی خۆیان نابن.
ناوبراو وتی: ئەمریکا بایەخ بە بڕیارەکەی پەرلەمان و ئیرادەی گەلی عێراق نادات تا وا پیشان بدات کە گوایە لە عێراق کشاوەتەوە بەڵام بە شێوازی دیکە هەوڵی جێگیرکردنەوەی هێزەکان و بەردەوامیدان بە داگیرکاری خۆی دەدات.
وتەبێژی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق وتووێژەکانی بەغدا – واشنتنی ڕەتکردەوە و وتی: هیچ متمانەیەکمان بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا نییە وەک چۆن بە هەمان شێوە متمانەشمان بە حکومەتی عێراق نییە، لە بەر ئەوەی کە لە ئاستێکدا نییە بتوانێت لە گەڵ ئەمریکییەکان ڕێکەوتن بکات، لە کاتێکدا کە خۆی گوشاری ئەمریکییەکانی لە سەرە.
ناوبراو وتی: حکومەتی عێراق بەرەو هەڵبژاردنەکان دەڕوات و حکومەتێکی ڕاگوزەرە و ناتوانێت باس لە وەها ڕێکەوتنێک و جێبەجێکردنی بکات.
محەممەد موحی وتی: ئێمە ناتوانین متمانەمان بە بەڵێنەکان هەبێت و یەک بنەما بۆ ئێمە گرنگە، ئەوەیش ئەوەیە کە هەر هێزێکی داگیرکاری بیانی تەنیا بە زمانی زۆر پاشەکشە دەکات و ئەمەش مافی عێراقییەکانە کە بەم شێوازە داگیرکاران لە وڵاتی خۆیان دەربکەن.
وتیشی کە ئەزموونەکانی ڕابردوو پیشان دەدات کە ئەمریکا نە پاڵپشتی لە حکومەتی عێراق دەکات و نە ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتە بە لایەوە گرنگە، هیچ پلانێکی ڕاستەقینەشی بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزە چەکدارەکانی عێراق نییە و ئەوەی باس دەکرێت تەنیا بانگەشەیە، هەر بۆیە بوونی ئەم هێزانە لە عێراق چ سوودێکی هەیە؟ ئەمەش پیشان دەدات کە ئەمریکییەکان تەنیا لە زمانی زۆر تێدەگەن./.