نەسروڵڵا ڕەشنودی سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هەولێر لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی جەختیکردەوە کە پێشانگا نێودەوڵەتییەکان یەک لەو ئامرازانەن کە دەتوانن بەرهەم و کاڵا و پیشەسازییەکانی یەک وڵات بە وڵاتانی دیکە بناسێنن.
27 کۆمپانیای ئێرانی بەشداریی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێریان کرد
ناوبراو لەو وتووێژەدا کە لە پەراوێزی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەچوو، بە ئاماژە بە بەشداری 150 کۆمپانیا لە 7 وڵات لەو پێشانگایەدا، وتی: 27 کۆمپانیای ئێرانی کە بە کۆمپانیاکانی زانست بونیان ناسراون لە پێشانگاکەدا بەشدارییان کرد کە بەراورد بە وڵاتانی دیکە زیاترین ڕێژەی بەشدارییە.
ڕەشنودی وتی: کۆمپانیا بەشداربووەکان توانایەکی زۆر باشیان هەیە و بە پێی وەبەرهێنانی پێشکەوتووی خۆیان توانییان کە بەرهەمەکانی خۆیان پیشان بدەن.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕەزامەندی کۆمپانیا بەشداربووەکان لەو پێشانگایەدا وتی: بە پێی بەسەرکردنەوە و بەدواداچوونەکان و هەروەها بە پێی توانای هەرێمی کوردستان لە میوانداری و بەڕێوەبردنی پێشانگا نێودەوڵەتییەکان، زۆربەی کۆمپانیا بەشداربووەکان ڕەزامەندییان لە سەر بەشداری و ئامادەبوونی خۆیان هەبوو.
سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر لە درێژەدا وتی: ساڵی ڕابردوو بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی خەڵک لە دژی ئەم ڤایرۆسە، پێشانگاکە بەڕێوەنەچوو بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە باشتر بووە و تا ئێستا لە دوو پێشانگای نێودەوڵەتی و یەک پێشانگای تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بەشداریمان کردووە کە کاریگەری زۆری هەبووە.
ڕەشنودی ڕوونیکردەوە: لە پێناو باشترکردن و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی نزیک هەنگاوی کاریگەرمان هەڵگرتووە.
ناوبراو وتی: ئابوریی هەرێمی کوردستان لە هۆکار و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کاریگەری وەرگرتووە، لە کاتێکدا کە داعش لە ناوچەکەدا چالاکیی دەکرد بە گشتی ئابوری ئەم ناوچەش کاریگەریی بەرکەوت.
سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە گەشەی هەرێمی کوردستان وتی: بەداخەوە کە لە کاتی چالاکییەکانی داعش لە عێراق، هەرێمی کوردستان بە هۆی کاریگەرییەکانەوە نەیتوانی بگاتە قۆناغی بەرچاوی گەشەسەندنی خۆی بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشان و ئیرادەی بەرپرسان و خەڵک و کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە بواری بیناسازی هەنگاوی زۆر باش و کاریگەر هەڵگیراوە.
ڕەشنودی وتی: هیوادارین بە پەرەپێدانی پێشانگاکانی کاریگەر لەم ناوچەیە، کاریگەری ئەرێنی لەم بوارەدا ببینین.
بەڵێندەران و کۆمپانیاکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان چالاکییان هەیە
ناوبراو وتی: بەڵێندەرانی زۆر لە وڵاتانی دیکەش لە هەرێمی کوردستان چالاکن، بە تایبەت بەڵێندەران و کۆمپانیاکانی ئێران کە لە بوارەکانی تەکنیکی و ئەندازیاری، پیشەسازی بیناسازی، بازرگانی و ئەو بوارانەی پەیوەندیی بە بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە هەیە، بەشداری و چالاکییان هەیە.
کوالیتی بەرز، نرخی کەم و دەسکەوتنی ئاسان، سێ تایبەتمەندی کاڵای ئێرانییە
سەرکۆنسووڵی ئێران بە ئاماژە بە چالاکی کۆمپانیاکان لە بواری بازرگانیش وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆڵی بەرچاوی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی کوالیتی بەرز و نزمبوونی نرخی کاڵای ئێرانی و دەسکەوتنی ئاسان هەیە.
وتیشی: بە پێی هەلومەرجی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە وڵات، خۆشبەختانە پەیوەندییە بازرگانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر بووە و لە دۆخێکی گونجاودایە، بەڵام بە پێی زۆربوونی دەفرایەتییەکان، بازرگانانی هەر دوو لا دەتوانن پەرە بە پەیوەندییەکان بدەن و هەر بۆیە بەڕێوەچوونی پێشانگا نێودەوڵەتییەکان دەتوانێت ئاستی پەیوەندییەکان بەرز بکاتەوە و یارمەتیدەر بێت.
نەسروڵڵا ڕەشنودی وتی: ئێران و هەرێمی کوردستان هەنگاوی هاوبەشی زۆریان هەبووە، هیوادارین بە یاسا داڕێژراوەکان بتوانن پەرە بەم هاوکارییانە بدەن و پلانە جێبەجێکراوەکانیش بە خێرایی بگەنە ئەنجام، لە بەر ئەوەی کە بە تواناکانی کەرتی تایبەت چاوەڕوانی گەشە و پێشکەوتنی زیاتر دەکرێت.
ناوبراو ئاماژەشی بە هاوکارییەکانی کەرتی تایبەتی ئێران و هەرێمی کوردستان دا و وتی: هیوادارین لە خولی سەرۆکایەتی بەڕێز ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بەستێنی پێویست بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان دابین بکرێت.
هەوڵی کردنەوەی زانکۆی ئێرانی لە هەولێر و سلێمانی دەدرێت
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەدا سەبارەت بە وەرگرتنی خوێندکارە عێراقییەکان لە زانکۆکانی ئێران وتی: خەڵکی هەرێمی کوردستان دەستیان دەگاتە زۆربەی زانکۆکانی ئێران و دەتوانن لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرن، هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدات کە بتوانێت لە هەولێر و سلێمانی زانکۆ بکاتەوە بەڵام بە پێی هاوسنوری و هاوکاری باشی هەرێم لە گەڵ زانکۆکانی ئێران بە تایبەت پارێزگا سنورییەکان و هاتووچۆی ئاسان و تێچووی زۆر کەمی خوێندن لە ئێران تا ئێستا لەم بوارەدا ئەنجامی پێویست وەرنەگیراوە و هیوادارین وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم هاوکاری پێویستی هەبێت.
ڕەشنودی وتی: بەشێکی زۆری دەرچووان و خوێندکارانی ناسراوی هەرێمی کوردستان پرۆسەی خوێندیان لە زانکۆکانی ئێران بووە و ئەمەش بۆ وڵاتی ئێمە بابەتێکی گرنگ و جێی شانازییە.
سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر وتی: لە هەلومەرجی دژواری کۆرۆنایی، بڕیارەکان پابەندی ناوەندەکان و لێژنەکانی ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنایە لە هەر وڵاتێک، هەر بۆیە لە ئێرانیش ناوەندی ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا سەبارەت بە هاتووچۆ لە دەروازە سنورییەکان بڕیار دەدات بەڵام لە ئێستادا بە پێی هەماهەنگی ناوەندەکانی ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا لە هەر دوو لا ئاسانکاری بۆ ئەم هاتووچۆیە کراوە.
حەوت جۆر ڤێزە بە بێ هیچ تێچوویەک بە خەڵک دەدرێت
ڕەشنودی بە ئاماژە بە دەرکردنی حەوت جۆر ڤێزە لە کۆنسووڵخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان وتی: ڤێزەی دەرمان، خوێندن، بازرگانی و ئابوری، وەبەرهێنان، خێزانی و نیشتەجێبوون بە هاووڵاتیانی عێراق و هەرێم دەدرێت.
وتیشی کە ڤێزەی ئێران تێچووی نییە و بە خۆڕایی دەدەکرێت و لە کۆتایی ساڵی 1397 ی کۆچی هەتاوی تا ئێستا هیچ پارەیەک بۆ ئەو مەبەستە لە خەڵک وەرنەگیراوە.
عێراق وڵاتی دراوسێ و دۆست و برادەری ئێرانە
سەرکۆنسووڵی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ عێراق وەک وڵاتێکی دۆست و برادەر و دراوسێ هاوکاری هەیە و پاڵپشتیی دەکات، لە ڕاستیدا ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر گرنگە و هیچ شتێک ناتوانێت کەلێن بخانەت نێوانیان.
وتیشی کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە لە لایەن هەر دوو وڵات و خەڵکی ناوچەکەوە دابین دەکرێت، لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش هێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیسی، سوپا، دەزگا ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی دەتوانن لە بەرامبەر هەڕەشە تیرۆریستییەکان بەرگری لە خاک و وڵاتی خۆیان بکەن.
ناوبراو لە کۆتاییدا بە ئاماژە بە ئاسایشی وڵاتی عێراق وەبیری هێنایەوە: هەر وڵاتێک دەبێت لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی خۆی هەنگاو هەڵبگرێت. وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بە پێی ئەزموونی باشی ساڵانی ڕابردوو خۆشبەختانە هەنگاوی باش و کاریگەریان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان هەڵگرتووە و تا ئێستاش لەو بوارەدا بۆ دابینکردنی ئاسایشی خەڵکی خۆیان سەرکەوتوو بوون.