بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیرخان موتەکی وەزیری دەرەوەی حکومەتی تاڵیبان ئەمڕۆ سێ شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سوپاسی ئەو وڵاتانەی کرد کە ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی ئەفغانستان دەربڕیوە و داوای هاوکاری زیاتریشی لە وڵاتانی جیهان کرد.
ناوبراو وتی: بەدەر لە هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان، پێویستە لە بواری تەندرووستی، پەروەردە، گەشەپێدان و بوارەکانی دیکەش هاوکاری ئەفغانستان بکرێت.
موتەکی وتی: ئێمە داوا لە بانکی گەشەپێدانی ئاسیایی، بانکی گەشەپێدانی ئیسلامی و وڵاتانی یارمەتیدەر دەکەین کە هاوکاری ئەفغانستان بکەن و بودجەی پرۆژە تەواونەکراوەکان لە ئەستۆ بگرن.
ناوبراو وتی: دۆخی ئەمنی ئەفغانستان ڕووی لە باشتربوون کردووە، ڕێگا وشکانی و ئاسمانییەکان پارێزراون و دەبێت هاوکاری خێزانە ئاوارەکان بکەین تا بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە.
وەزیری دەرەوەی تاڵیبان هەروەها پێشوازیی لە هاوکاری مرۆڤدۆستانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئەفغانستان بە بڕی یەک ملیار دۆلار کرد.
وتیشی: دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لە گەڵ وڵاتانی جیهان بە تایبەت ئەمریکا هەبێت بەڵام داوا دەکەین گوشار لە سەر ئەفغانستان دانەنێن کە ئەنجامی نابێت.
ئەمیرخان موتەکی وتی: ئێمە هەوڵ دەدەین حکومەتێکی بەهێزی ناوەندی لە ئەفغانستان هەبێت و واشنتنیش بەڵێنی ئەوەیداوە کە ناوی سەرکردەکانی تاڵیبان لە ڕیزی تیرۆردا بسڕێتەوە، لە کاتێکدا ئەوەی نەکردووە و ئەمەش پێشێلکردنی ڕێکەوتنەکەی قەتەرە.
ناوبراو هەروەها دەستبەسەرداگرتنی پارەی ئەفغانستانی لە لایەن ئەمریکاوە بە هەنگاوێکی زاڵمانە ناو برد.
موتەکی وتی کە لە خاکی ئەفغانستانەوە هەڕەشە لە سەر هیچ وڵاتێکی دیکە ناکرێت./.