بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ئالی ئێسحاق وتی کە سەبارەت بە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە عێراق ڕێکەوتنێک کراوە و بە تەواوی خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەم ڕووەشەوە هیچ جێی نیگەرانی نییە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات گرنگتر لەم بابەتەیە.
ناوبراو سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران وتی: سەردانەکەی مستەفا کازمی لە گەڵ 7 وەزیری کابینەکەی بۆ ئێران پیشاندەری گرنگیی ئەو سەردانەیە، ناوبراو یەکەم بەرپرسی باڵای بیانییە کە لە کابینەی نوێی ئێران سەردانی تارانی کردووە و بە دڵنیاییەوە کە سەردانەکەش ئەنجامی زۆر باشی دەبێت.
ئالی ئێسحاق وتی: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق بە پێی ستراتیژێکی درێژخایەنە، ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دەتوانێت لە داهاتوودا بگاتە 20 تا 30 ملیار دۆلار، لە هەندێک بواری وەک هەناردەی کاڵای نانەوتی، بەرهەمە نەوتییەکان، پرۆژەکانی کەرتی ئاوەدانکردنەوە و … دەرفەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان هەیە و پێشبینی دەکرێت لەم بوارانەدا ئاستی هاوکارییەکان بەرز بکرێتەوە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق وتی: کەرتی تایبەتی ئێران تا ڕادەیەک پارەی خۆیی لە عێراق وەرگرتووە، ئەوەی ماوەتەوە پارەی گاز و کارەبایە، لە سەر ئەوەش ڕێکەوتن کراوە و لە بواری جێبەجێکردندایە و هیچ نیگەرانییەک نییە.
ڕاشیگەیاند کە پارەی ژمارەیەک لە بەڵێندەرانی ئێرانی لە عێراق ماوەتەوە و عێراقییەکان دانیان بەو قەرزەدا ناوە بەڵام کەمێک پێویستی بە پاڵپشتی حکومەتە تا بەدواداچوونی پێویستی بۆ بکرێت./.