بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گرووپی تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە هەواڵی کوژرانی مەلا عەبدولغەنی برادەر جێگری سیاسی ئەم گرووپە دوورە لە ڕاستی.
پێشتر دەنگۆی کوژرانی ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەفغانستان بڵاو کرایەوە و دەوترێت مەلا برادەر بە هۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان لایەنگران و تۆڕی حەقانی کوژراوە.
مەلا برادەر لە کابینەی نوێی تاڵیبان لە ئەفغانستان وەک جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیران دەستنیشان کراوە. یەکێک لەو هۆکارانەی کە دەنگۆی کوژرانەکەیی بەهێز کردووە، ئامادەنەبوونی ناوبراو لە چاوپێکەوتنی وەزیری دەرەوەی قەتەر لە کابوڵ بووە.
زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە کوژرانی مەلا برادەر بڵاو بووەتەوە دوورە لە ڕاستی.
لە لایەکی دیکەوە وێنەیەکی مەلا برادەر لە ڕۆژانی ڕابردوو بڵاو بووەتەوە کە پیشان دەدات ناوبراو لە قەندەهارە./.