بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تاران، وتی: بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق زۆر خۆشحاڵین و ئەم پەیوەندییانەش لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری و ڕۆشنبیرییە بەڵام دەتوانێت زیاتر پەرە بستێنێت و لە کۆبوونەوەکانیشدا جەخت لە سەر ئیرادەی بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کرایەوە.
ناوبراو وتی: پەیوەندی نێوان ئێران و عێراق تەنیا دراوسێبوون نییە بەڵکوو پەیوەندییە لە بیر و بڕوا، دڵەکان و پەیوەندی نێوان دوو وڵات، دوو گەل و دوو حکومەت لە گەڵ یەکتر و سەرەڕای پیلانی دوژمنان ئەم پەیوەندییانە دەتوانێت زیاتر پەرە بستێنێت.
ڕەئیسی جەختیکردەوە کە ڕۆڵی هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق لە ناوچەکە و جیهان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەتوانێت کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتیش هەبێت و وتی: ئەوەی کە لە کۆبوونەوە تایبەتەکان لە نێوان وەزیرەکاندا باس کرا و ئەوەی کە لە کۆبوونەوەی من و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش قسەی لە سەر کرا، هەمووی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە و چەندین بڕیاریش درا کە هیوادارین بە خێرایی جێبەجێ بکرێن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: هەواڵەکەی جەنابی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەڵگرتنی ڤێزەی نێوان هەر دوو وڵات هەواڵێکی زۆر باشە و ئیرادەی ئێران و عێراق بۆ پەرەپێدانی هێڵی ئاسن و پەیوەندی شەلەمچە لە گەڵ بەسرە بە بەدواداچوونی ئەوان و وەزیرە پەیوەندیدارەکان لە ئێران و عێراق بڕیارە جێبەجێ بکرێت.
سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وتی: لە سەر پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتیش وتووێژ کرا و بڕیارە بەدواداچوونی تایبەتی بۆ بکرێت. هەروەها لە سەر ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن (ع) و چوونی زیارەتکاران بۆ عێراق و پاراستنیان لە پەتای کۆرۆنا، بەڵام جەنابی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی ئەوەشیاندا کە پشکی ئێران لە ژمارەی زیارەتکارانی ئەمساڵ زیاتر بێت و ئەمەش لەو هەواڵە خۆشانەیە بۆ گەلی ئێران.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆتاییدا جەختیکردەوە: هیوادارین پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق بەردەوام لە گەشەسەندندا بێت و بە پێچەوانەی خواستی دوژمنان، بەردەوام پەیوەندییەکی باشتر لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا ببینین./.