بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موسەیب نەعیمی شارەزا لە کاروباری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وتووێژێکدا سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران و کۆبوونەوەی لە گەڵ سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی: عێراق لە هەڵبژاردنێکی گرنگ نزیک دەبێتەوە و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دەیەوێت لە دوو بەرەی ناوخۆیی و دەرەکی کەشێکی ئارام و سەقامگیر بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە دابین بکات.
ناوبراو وتی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق گرنگی بە ڕێکەوتنی ناوخۆیی و هاوسەنگی لە پاراستنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەدات.
نەعیمی وتی کە بۆچوونی ئێران لە پرسە جیاجیاکاندا بۆ کازمی گرنگە و لە هەمووش گرنگتر دەیەوێت کەڵک لە باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و وڵاتانی عەرەبی وەربگرێت بەو پێیەی کە کاریگەریی لە سەر دۆخی ناوخۆیی عێراقیش دەبێت.
ناوبراو وتی: کازمی ئێران بە هۆکاری هێز و سەقامگیری ناوچەکە دەزانێت و لە پێناو باشترکردنی پەیوەندی و هاوکاری نێوان ئەم وڵاتە و وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس هەنگاوی باشی هەڵگرتووە. بەدەر لەمەش کازمی ئەوەی پیشانداوە کە هەوڵی نزیککردنەوەی تێڕوانینی وڵاتانی ناوچەکە دەدات و تەنانەت بە هۆکاری سەقامگیری عێراقیشی دەزانێت.
ئەم شارەزا سیاسییە وتی: کازمی پێی وایە کە ئێران دەتوانێت لە زۆر بواردا یارمەتیدەری عێراق بێت، ئەڵبەت ئێران زۆر هاوکاری ئەو و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقی کردووە.
وتیشی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیەوێت ئاستێک لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە دابین بکات و تا ئێستاش چەندین گەڕی دانوستانەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بە نێوەندگێڕی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچووە.
موسەیب نەعیمی وتی: کازمی هەوڵ دەدات پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە لە ئاستی باڵیۆزدا دەست پێبکاتەوە و ئەگەر واش ببێت وەک کارتێکی بەهێز لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا دەتوانێت کەڵکی لێ وەربگرێت./.