مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی یەک شەممە 12 ی ئەیلول سەردانی تارانی کرد. ئەگەرچی سەبارەت بەو سەردانە و هۆکارەکانی، پێشتر لێکدانەوەی زۆر کرا بەڵام گرنگترین هۆکاری ئەم سەردانە جەختکردنەوە لە سەر باشترکردن و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە لایەکەوە، پێگەی ئێران لە عێراق لە لایەکی دیکەوە و لە کۆتاییشدا جەختکردنەوە لە سەر ئەو هاوکارییانە بووە کە بە تایبەت لە ساڵانی ڕابردوو لە بواری ئابوری و بازرگانی گەشەی زۆری بە خۆوە بینیوە.
لە کاتێکدا کە عێراق لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەر نزیک دەبێتەوە، هەڵبژاردنی ئێران وەک وێستگەی سەردانەکەی مستەفا کازمی پەیامی تایبەت بە خۆیی هەیە.
دابینکردنی وزەی عێراق یەکێک لە گرنگترین کێشە و نیگەرانییەکانی حکومەتی ئەم وڵاتە لە ساڵانی ڕابردوو تا ئێستا بووە و ئێرانیش سەرەڕای کێشە و گرفتەکان و تەنانەت پێنەدانی پارە، یارمەتیدەری حکومەتی بەغدا بووە. عێراقییەکان دەزانن کە لە دژوارترین هەلومەرجی دابینکردنی وزەی ئەو وڵاتە، ئێران بەردەوام لەم گۆڕەپانەدا زیاترین خزمەتی بەوان کردووە و بە پێچەوانەی ئەو وڵاتانەی کە بانگەشەی دۆستایەتی لە گەڵ گەلی عێراق دەکەن، هیچ کات دابینکردنی وزە لە لایەن ئێرانەوە بەسراوەی پێش مەرجە سیاسییەکان نەبووە.
لە کاتێکدا کە چەندین گەڕی دانوستانەکانی نێوان ئێران و سعوودیە لە بەغدا بەڕێوەچووە، پێشبینی دەکرێت کە بەردەوامیدان بەو دانوستانانە بە هۆی کاریگەرییەکانی لە سەر عێراق شوێنی خۆیی لە سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی کردبێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران بەردەوام جەختی لە سەر ئامادەیی وتووێژی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەتەوە.
هەندێکیش پێش سەردانەکەی کازمی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ناوبراو دەیەوێت هەمان سیاسەتی نێوەندگێڕی لە نێوان ئێران و سعوودیە، لە نێوان ئێران و ئەمریکاش تاقیبکاتەوە. بەڵام پێدەچێت بە هۆی سیاسەتی بنەڕەتی ئێران لە بەرامبەر ئەمریکا بە تایبەت لە دۆسیەی ڕێکەوتنی ناوەکی و گەمارۆکان، سەرۆک وەزیرانی عێراق وەڵامێکی ئەوتۆی وەرنەگرتبێت، مەگەر ئەوەی کە بەرپرسانی ئەمریکی پێش ئەو سەردانە بڕیاری ئەوەیان دابێت کە سیاسەتێکی نوێ لە گەڵ ئێران پەیرەو بکەن و کازمیش هەڵگری ئەو پەیامە بووبێت./.