بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەت ئەحمەدی شارەزا لە کاروباری گەشتیاریی جیهانی ڕایگەیاند کە بە پێی دەسکەوتە بەرچاوەکانی کەرتی گەشتیاری لە ئابوریی جیهان و ئەو وڵاتانەی کە چالاکی و پلانی زۆریان لەم بوارەدا هەیە، دەتوانین بڵێین کە گەشەپێدانی گەشتیاری دەتوانێت بە ڕادەیەکی زۆر زیانەکانی دوو ساڵی ڕابردووی کەرتی ئابوری جیهان قەرەبوو بکاتەوە.
ناوبراو وتی: پیشەسازی گەشتیاری بە پێی گۆڕانکارییەکانی ئێستای جیهان بووەتە سێهەم پیشەسازی پڕداهاتی جیهان، ئەم پێگەش بۆ ئەوەیە کە پیشەسازی گەشتیاری دەبێتە هۆی گەشەی ئابوری لەو وڵاتانەی کە دەتوانن لە ڕێگای گەشتیارییەوە جۆربەجۆری بە چالاکییە ئابورییەکانیان ببەخشن.
ئەحمەدی وتی: دەبێت دەستێوەردانەکانی حکومەت لە کەرتی گەشتیاری کەم بکرێتەوە و کەرتی تایبەت ببێتە ئاڵاهەڵگری پیشەسازی گەشتیاری و گەشەپێدانی لە هەر وڵاتێکدا. کەرتی تایبەت دەتوانێت بە کەمترین تێچوو و بەرزکردنەوەی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان، زیاترین سوودی هەبێت.
وتیشی کە ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری دەرەکی لە پیشەسازی گەشتیاریش بابەتێکی گرنگە کە ئەگەر سەرکەوتووانە جێبەجێ بکرێت دەتوانێت گەشە و بەرەوپێشچوونی ئەم پیشەسازییەی بە دواوە بێت و ببێتە هۆکاری بە نێودەوڵەتیبوونی، هەروەها واش دەکات کە بەڕێوەبەران و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ ئیش و کارەکانی کەرتی گەشتیاری بە دەستەوە بگرن.
بە وتەی ناوبراو، لە ڕێگای ڕێکلام و ڕۆشنبیریشەوە دەتوانرێت ژمارەی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی لە هەر وڵاتێک زیاد بکرێت.
ئەم شارەزایەی کاروباری گەشتیاری وتی: ئەم پێوەر و هۆکارانە لە هەر وڵاتێک سەرکەتووانە بەکار بگیرێت دەسکەوتی بەرچاوی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بە دواوە دەبێت لە بوارەکانی دابینکردنی هەلی کار، گەشەی بازرگانی و پەرەپێدانی بازاڕ و داهاتی نیشتمانی.
ئایەت ئەحمەدی وتی کە لە ئەگەری چارەسەرکردنی قەیرانی کۆرۆنا و لە ڕێگای کوتانی خەڵک بە ڤاکسێنی ئەم نەخۆشییە، گەشەی گەشتیاری دەتوانێت بە خێرایی زیانەکانی دوو ساڵی ڕابردووی کەرتی ئابوری جیهان قەرەبوو بکاتەوە و ئەمەش گرنگترین و کاریگەرترین ڕێگاچارەیە./.