بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنی محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تاران، سەبارەت بە دوایین ڕەوشی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگاکانی گەشەپێدانی هاوکارییە هاوبەشەکانی نێوان تاران و بەغدا لە بوارە جیاجیاکان بیر و ڕای ئاڵوگۆڕ کرد.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: عێراق هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پتەوتر و بەردەوامتر بێت و ئەم پەیوەندییانە بە تایبەت لە بواری ئابوری و بازرگانی لە پێناو بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی هەر دوو وڵاتە.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش وتی کە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا کاریگەریی لە سەر ڕەوشی ناوچەکە بە تایبەت دراوسێکان دەبێت.
قاڵیباف وتی کە ئەوەمان بۆ ڕوون بووەتەوە کە وڵاتانی زلهێز هیچ کات لە بەرژەوەندی ئێران و عێراق بڕیار نادەن و ئەم دوو وڵاتە دەبێت بە پشت بەستن بە تواناکانی خۆیان کێشە و پرسەکان چارەسەر بکەن./.