بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لە گەڵ ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی: سەرەتا بە هۆی ئەو پێشوازییە گەرمەوە دەستخۆشی لە بەڕێز ڕەئیسی دەکەم و سەردانەکەم بۆ ئێران بۆ ئەوە بووە کە دیسانەوە پیرۆزبایی هەڵبژاردنیان وەک سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بکەم.
ناوبراو وتی: کۆمەڵێک لە دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتمان تاوتوێ کرد و ئەمەش جاری دووەمە کە سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەم و پیشاندەری گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە.
کازمی جەختیکردەوە کە تاوتوێکردنی ئەو دۆسیانە لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بووە و وتی: ئەم خاڵە هاوبەشانە دەبێت بکەینە هۆکاری مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی نێوان گەلانی ئێران و عێراق.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: هەموو کات ئەوەمان باسکردووە کە لە نێوان ئێمە و کۆماری ئیسلامی ئێران 1400 کیلۆمەتر سنوری هاوبەش هەیە بەڵام پەیوەندییەکانی ئێمە بەربڵاوتر لەم سنورە هاوبەشەیە و بوارەکانی ئابوری و ڕۆشنبیری و …. لە خۆ دەگرێت.
وتیشی: فاکتەری جوگرافیای هاوبەش لە نێوان ئێمە لە هەمان کاتدا ڕەهەندی ئەخلاقی، ئائینی، مەزهەبی، کەلتوری و شارستانیەتی هەیە و ئەم پەیوەندییە هاوکاتە لە گەڵ مێژووی دوور و درێژی پەیوەندییە هاوبەشەکان. کۆمەڵێک لە پەیوەندییە ئابوری و ستراتیژییەکانی هەر دوو وڵات وەک هێڵی ئاسنی بەسرە – شەلەمچەمان تاوتوێ کرد و هەروەها ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و بەرفراوانکردنی کە لە بەرژەوەندی هەر دوو لادا بێت.
کازمی ڕوونیکردەوە: گەلی ئێمە لە پێناو کەلتورێکی دیمۆکراسی لە عێراق خوازیاری بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئەوەی کە لە ئاسەوارەکانی شەڕە بێهۆ و بێ ئەنجامەکانی سەردەمی دیکتاتۆریەت ڕزگار بین و پەیوەندییەکان باشتر بکەین.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: لێرەدا دەمەوێت لە سەرجەم ئەو لایەنانەی کە لە گەڵ گەلی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش هاوکارییان کرد دەستخۆشی بکەم، بە تایبەت لە کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە سەرەتاوە لە گەڵ ئێمە بوو، هەڵوێستی عێراق لە بەرامبەر پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشەیی و نەگۆڕە.
ناوبراو وتی: عێراق پاڵپشتی لە سەرجەم هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و گەل و حکومەتی ئێمە لە سەرجەم کێشە و هەلومەرجە جیاکاندا لە گەڵ گەل و حکومەتی ئێران دەمێننەوە./.