بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دووەم جار لە ماوەی سەرۆکایەتی خۆی بڕیارە سبەی یەک شەممە بگاتە تاران و لە سەردانێکی یەک ڕۆژەدا لە گەڵ سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران کۆببێتەوە.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە بێ ئاشکراکردنی ناوەکەی، بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای ڕاگەیاند کە مستەفا کازمی لەو کۆبوونەوەدا بڕیارە چەندین دۆسیەی وەک هاوردەی وزە لە ئێران، ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە تاوتوێ بکات.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لە دۆسیەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە، باس لە ڕۆڵی نێوەندگێڕیی عێراقیش دەکرێت.
ئەمەش یەکەم سەردانی فەرمی بەرپرسێکی باڵای بیانییە لەم ئاستەدا بۆ تاران لە پاش هەڵبژاردنی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران. مستەفا کازمی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە پاش پێکهێنانی کابینەی نوێی ئێران سەردانی ئەم وڵاتە دەکات./.