بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی لە شرۆڤەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ڕووداوەکانی 11 ی سپتمبێری ساڵی 2001 ئەمریکای پەلکێشی شەڕە بەردەوامەکان کردووە و سیاسەتی دژ بە یەکی ئەو وڵاتەشی لە پرسی مافی مرۆڤدا ڕوبەڕوی پرسیار کردووەتەوە.
گاردیەن لە شرۆڤەکەی خۆی لە نووسینی جولیان بورگر ڕایگەیاندووە کە کاردانەوەکانی 11 ی سپتمبێر لە هەر شوێنێک هەستی پێدەکرێت. لە چەند هەفتەی ڕابردوو حکومەتەکەی جۆبایدن بە پشت بەستن بە موڵەتە دەرکراوەکانی پاش 11 ی سپتمبێری ساڵی 2001، چەندین پێگەی لە سومالیا و ئەفغانستان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کردە ئامانج.
ئەو ڕۆژنامەیە ڕایگەیاندووە کە لە بیستەم ساڵۆگەڕی ڕووداوەکانی 11 ی سپتمبێری ساڵی 2001 دەتوانین هەست بەوە بکەین کە کۆمەڵگا و دیمۆکراسیەتی ئەمریکا چۆن کەوتووەتە ژێر کاریگەری وەڵامی واشنتن بەو ڕووداوانە و ڕەوتی دابەزینی گرتووەتە پێش.
موڵەتی بەکارهێنانی زۆری سەربازی کە لە ڕۆژی 18 سپتمبێری ساڵی 2001 کرایە یاسا، بڕیار بوو دەسەڵاتی تەواو بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆریستی قاعیدە بە سەرۆک کۆمار بدات بەڵام ئەمڕۆ لە پاش 20 ساڵ هیشتا لەو یاسایە بۆ هێرشی سەربازی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان کەڵک وەردەگیرێت.
لەو کاتەدا “باربارا لی” یەکێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا تەنیا دژبەری ئەو یاسایە بوو. ئەو وتی: “پێم وایە کە دەبێت لە سەر ئەنجامی ئەم کارەمان ورد ببینەوە تا کۆنتڕۆڵی دۆخەکە لە دەستمان دەرنەچێت”.
گاردیەن ڕایگەیاندووە کە لە 20 ساڵی تێپەڕبوو بە سەر ئەم یاسایە، وەک پاساوێک بۆ 40 هێرشی سەربازی لە 18 وڵاتی جیهان لە دژی ئەو گرووپانەی کە هیچ پەیوەندییەکیان بە قاعیدە و ڕووداوەکانی 11 ی سپتمبێرەوە نەبووە، بەکار هاتووە و ئەمەش تەنیا ئەو پرۆسە سەربازییانە دەگرێتەوە کە زانیاری گشتی لە سەریان هەیە.
بەمەش بوو کە ڕووداوەکانی 11 ی سپتمبێر ئەمریکای پەلکێشی شەڕە بەردەوامەکان کرد./.