بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خوئین گوندێکی مێژووییە لە پارێزگای زەنجان لە ئێران کە بە پێی سەرژمێرییەکەی ساڵی 1390 ی کۆچی هەتاوی، 121 خێزان و 263 کەس حەشیمەتی هەبووە. دانیشتووانی خوئین بە زاراوەی خوئینی لە زمانی تاتی قسە دەکەن و هێشتا دەتوانین پاشماوەی زمانی پاڵەوی لە زاراوەی خەڵکی خوئیندا ببیسین. دەوترێت کە دانیشتووانی ئەم گوندە سەرەتا لە نزیک نەجد لە سعوودیە نێشتەجێ بوون و بە ئامانجی بڵاوەپێکردنی مەزهەبی شێعە بە زۆر ڕەوانەی پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران کراون و پاش ئاشنایەتی لە گەڵ زمانی سیستانی بەرەو ئەم ناوچەی ئێستا کۆچیان کردووە.
خوئین لە ڕووی جوگرافییەوە
گوندی خوئین لە 60 کیلۆمەتری باشوری ڕۆژئاوای زەنجان بەرەو بیجاڕ لە پارێزگای کوردستان و لە 30 کیلۆمەتری زەڕین ئاوا و لە 8 کیلۆمەتری ناوەندی ناحیەی حەلەبدایە. بەرزاییەکەی لە ئاستی دەریا 1780 مەترە.
خوئین چەندین چیای ناسراوی هەیە کە بریتین لە: پێغەمبەر داغی لە سەرووی گوندەکەوە. نمازگان کە لە نێوان گوندەکانی خوئین و سەعید ئاوایە. ئیمام داغی کە لە سەر ڕێگای قاوەخانەدایە. ئەم ناوچەیە لە ڕووی گیا دەرمانییەوە ناوبانگی زۆری هەیە کە دەتوانین ئاماژە بە ئاویشەن، گوڵی سوور، خاکشیر، بابونە، کەتیرا، ڕێواس و پەنیرەک بدەین. دارستانەکانی گوێزی ئەم گوندەش یەکێکی دیکە لە دیمەنە جوانەکانیەتی.
ئابوری و بەرهەمەکان
ئەم گوندە باخ و مەزرایەکی زۆری هەیە کە بریتین لە: ئەمنەد، پەنبە جەڕان، خولی دەڕە، ئەرزین کەلا، سورخە ڕزان، جیلیکجان و باخچەکانی لیج، حاجی باخچە و خوئین چایی و لە بەرهەمەکانیشی دەتوانین ئاماژە بە ترێ، سێو، گێلاس، قەیسی، گوێز، بادەم، زەیتون، بەی، هەرمێ، شوتی، باینجان، کولەکە، خەیار، تەماتە، پەتاتە، بیبەر و جۆرەکانی سەوزە بدەین.
زمان و کەلتور
زمانی دانیشتووانی خوئین لە زمانەکانی ئێرانی کۆنە. زمان ناسەکان زمانی خەڵکی ئەم گوندەیان بە ناوی تاتی باشور ناو بردووە کە لە زمانی خەڵکی سیستان – زابوڵی – نزیکە و پێشتر خەڵکی ناوچەکانی ئەراک، بوئین زارا، تاکستان و ژمارەیەک لە گوندەکانی خەڵخاڵ و خۆی پێی قسەیان دەکرد. زمانی تاتی باکوریش لە کۆماری ئازەربایجان و قەفقاز بەکار هاتووە. خەڵکی گوندی خوئین چەندین تایبەتمەندییان هەیە، وەک پاراستنی کەلتوری ڕەسەنی خۆیان و بوونی پەیوەندی لە گەڵ خەڵکانی دیکە و ئەمەش وایکردووە کە لە هەر شوێنێک نیشتەجێ بن لە گەڵ ئەوان باشترین پەیوەندییان هەبێت و لە کەشێکی دۆستانەدا ژیان بەسەر بەرن، لە ڕابردوودا خوئین وەک ” دار المومنین ” ناو براوە، ئەویش بە هۆی بوونی ژمارەیەک لە زانایان و خەڵکانی بە ئیمان و ئەوەی کە ڕێزیان لە زانست و زاناکان گرتووە و لە سەردەمێکدا کەسایەتی ئائینی زۆریشیان هەبووە.
داب و نەریت
خەڵکی ئەم گوندە وەک زۆربەی شێعەکانی ئێرانی لە مانگەکانی موحەڕەم و سەفەر و هەروەها شەوی عاشورا ڕێوڕەسمی تازیەباری تایبەت بە خۆیان بەڕێوە دەبەن. لە سەردەمی کۆن گۆڕەپانێکی گەورە لە ناوەندی ئەم گوندە و بەرامبەر مزگەوتی میرباقری بە ناوی شەبی یەری یان شوێنی تازیەباری هەبووە کە ڕێوڕەسمەکەی تێدا بەڕێوە دەچوو.
خوئین لە ڕووی گەشتیارییەوە
مزگەوتەکانی خوئین
ئەم گوندە لە سەردەمێکدا هەشت مزگەوتی چالاکی هەبووە کە یەکەم مزگەوتی خوئین لە قەڵای دەڕە بونیاد نراوە و ناوبانگێکی زۆریشی هەبووە و ئێستاش هەر ماوە. بوونی ئەو ژمارە مزگەوتەش پیشاندەری بڕوای ئائینی خەڵکەکەی بووە. ناوی مزگەوتەکانی خوئین بریتین لە:
- مزگەوتی قەڵای دەڕە، لە شوێنێک هەر بەم ناوە
- مزگەوتی میرباقری، سەر بە سەید میر باقری خوئینی کە وەک مزگەوتی گشتی هێشتا چالاکە و مینبەرەکەی وەک ئاسەوارێکی کۆن و مێژوویی ماوەتەوە
- مزگەوتی لیج، سەر بە مەلا ڕەحمان لە گەڕەکی لیج
- مزگەوتی جەوانمەردییەکان، سەر بە حاجی عەلی جەوانمەردی و لە گەڕەکی ناوەڕاستی گوندەکە
- مزگەوتی خواجە خنک، لە گەڕەکی خوارووی گوندەکە
- مزگەوتی سەنگبڕ، سەر بە عەشیرەتی سەنگبڕ و لە گەڕەکی سەرووی گوندەکە
- مزگەوتی مەلا بابا، سەر بە حاجی مەلا بابا و لە گەڕەکی خوارووی گوندەکە
- مزگەوتی حاجی، سەر بە ئایەتوڵڵا حاجی مەلا ئیبراهیم لە گەڕەکی سەرووی گوندەکە
میل باستانی (مێژوویی)
ئەم بینایە سەر بە سەدەی شەشەمی کۆچی و سەردەمی سەلجوقییەکانە کە وەک ناوەندێکی چاودێری کەڵکی لێ گیراوە. دەوترێت کە لەم بینایە لە چوار بەشی گوندەکە هەبووە کە تەنیا ئەمەی ماوەتەوە. ئەم بینایە پیشاندەری مێژووی گوندی خوئینە.
دژ مەندە یان شاری ژێرزەوینی
دژ مەندە (ماندە) بە وتەی مێژووناسان، یەکێک لە گەورەترین دەستکردە ژێرزەوینییەکانی مرۆڤە. قووڵاییەکەی دەگاتە چل مەتر و ڕوبەرەکەشی چوار هەزار مەتری چوارگۆشەیە. دەوترێت کە لەو شارە ژێرزەوینییەدا گۆڕەپانێکی گەورە هەبووە کە بە چواردەوریدا بازاڕ و شوێنی جۆراوجۆر بووە و بە درێژایی مێژوو ئاسەوارێکی لێ نەماوەتەوە. لەو قەڵا ژێرزەوینییەدا ئەوەی بۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکان پێویست بووە پێشبینی و درووست کراوە. پەیوەندی ئەم قەڵا ژێرزەوینییە لە گەڵ ناوچەکانی چواردەوری لە ڕێگای چەند تونێلێکەوە بووە کە یەکێک لەوان بە تێپەڕبوون بە ژێر ڕووباری چایی گەیشتووەتە گوندی قومچقای.
بازاڕەکانی خوئین
لە سەردەمی کۆن لە شارەکانی نزیک و گەورەی وەک تەورێز و قەزوێنەوە بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا هاتووچۆی ئەم گوندەیان کردووە. خوئین خاوەنی پێنج ڕاستە بازاڕ بووە کە بە گشتی 200 دوکانی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە، هەندێک کەس لە بیرەوەرییەکانی خۆیان باسی 50 دوکانیان کردووە. بازاڕی زەڕەنگێڕەکان، ئاسنگەرەکان، مسگەرەکان و ….. هەندێک دوکانی وەک بەرگدوری، سەرتراشخانە، گۆشت فرۆشی و … هەر لەم بازاڕەدا بە پێی پێداویستییەکانی خەڵکی ئەو سەردەمە هەبووە.
ئاسیاوەکانی خوئین
لەم گوندەدا 11 ئاسیاوی چالاک هەبووە بەڵام بە هۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و هەروەها گوندەکانی نزیکەوە بە تەواوی پێداویستی ئاردیان بۆ دابین نەکراوە. بەرزی هەندێک لە ئاسیاوەکان 14 مەتر بووە. ئاسیاوەکان لە بەرامبەر هەر 5 کیلۆ گەنم کە دەیانکردە ئارد، یەک کیلۆیان وەک تێچووەکەی وەردەگرت.
سرووشتی خوئین
خوئینی کۆن لە چەندین دۆڵ و دارستان پێکهاتبوو کە ئاژەڵە کێوییەکانی ناوبانگێکی دیکەی پێبەخشیبوو، وەک:
- ئەرگی دەڕە یان دۆڵی ئاسیاوەکان
- پلەنگی دەڕە یان شوێنی ژیانی پڵەنگەکان
- دەڕەی سورخە ڕزان یان دۆڵی ترێی سوور
- ئاسیە دەڕە
- خولی دەڕە یان موزی دەڕە
حەمامی (گەرماو) مێژوویی
حەمامی کۆنی خوئین یەکێک لە چەند حەمامە کۆن و مێژووییەکەی سەردەمی قاجاڕەکانە کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەلەپور و پیشەسازی دەستی و گەشتیاری پارێزگای زەنجانەوە نۆژەن کراوەتەوە و لە ئێستادا بووەتە مۆزەخانە./.