بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میشل عون سەرۆک کۆماری لوبنان دوا جار لە ڕۆژی هەینی 10 ی ئەیلول ی 2021 واژۆی لە سەر کابینەی پێشنیارکراوی نەجیب میقاتی کرد و حکومەتی نوێی ئەم وڵاتەش لە پاش یەک ساڵ و یەک مانگ چاوەڕوانی پێکهێنرا.
کاتێک سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی پێشوو بڕیاری وازهێنانی لە پێکهێنانی کابینەی نوێ دەکرد، قەد بیری لەوە نەدەکردەوە کە هیچ کەسایەتییەکی دیکەی سوننە شانسی پێکهێنانی حکومەتی هەبێت، بە تایبەت کە ئەو نۆ مانگ کاتی بۆ ئەو مەبەستە بە کار هێنا بەڵام ئەو گڵۆپە سەوزە دەرەکییەی کە چاوەڕوانی دەکرد هەڵنەکرا. حەریری پێش ئەوەش، دەرفەتی چەند کەسێکی بۆ بوون بە سەرۆک وەزیرانی لوبنان لەبار بردبوو بەڵام ئەمە بۆ میقاتی نەکرا و ناوبراو ئەو پۆستەی قبووڵ نەکرد پێش ئەوەی کە چەند پاڵپشتییەکی بۆ خۆی دەستەبەر کرد.
لە قۆناغی پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان لە لایەن نەجیب میقاتی، حەریری هێشتا چاوەڕوانی دەست لە کار کێشانەوەی ناوبراوی دەکرد تا پێداگری لە سەر ئەو تێڕوانینەی خۆی بکاتەوە کە هیچ ڕێکەوتنێکی پێکهێنانی کابینەی نوێ لە گەڵ میشل عون سەرۆک کۆماری لوبنان ناکرێت، بە تایبەت ئەوەش کە حەریری بڕیاریدابوو کەمپینی هەڵبژاردنەکانی خۆی بە پێی زیاترکردنی هێرشەکان لە دژی ڕەوتی ئازادی نیشتمانی (التیار الوطنی الحر) سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری لوبنان دەست پێبکات و بە بانگهێشتکردنی میشل عون بۆ دەست لە کار کێشانەوە، سیاسەتەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە سەرکەوتنی ڕاسپاردەکەی میقاتی ڕۆڵی هەبووە، بە تایبەت ئەوەی کە لە گۆڕەپانی ململانێی ئەمریکی – ئێرانی لە لوبنان بینرا. دیار بوو کە لە پاش ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی کڕینی سووتەمەنی لە ئێران لە لایەن حیزبوڵڵاوە، واشنتن بەرەو پاشەکشە دەڕوات، بە پێی ئەمەش کە درێژەپێدانی سیاسەتی گوشارەکان دەبێتە هۆی زیاتربوونی کاریگەری و دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ئابوریی لوبنان.
بەدەر لەمەش گۆڕانکارییە ناوخۆییەکان هێندە لە کۆی گشتی گۆڕانکارییەکان بەدوور نەبووە، دیارترینی ئەوانەش کاردانەوەکانی چەندین قەیرانی وەک دارایی، ئابوری و کۆمەڵایەتی بوو کە چاوەڕوان دەکرا وەک تەقینەوەیەکی ئەمنی بێت کە کەس خوازیاری ئەمە نەبوو.
لە یاریی هاوکێشە ناوخۆییەکان، ئەوەی کە میقاتی لە میشل عون یان لە پێچەوانەوە بە دەستی هێنا، ئەگەر سەعد حەریریش سەرۆک وەزیران دەبوو، ئەگەری ڕوودانی لە ئارادا بوو بەڵام پرسیاری گرنگ کاردانەوە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکومەتی لوبنانە لە سەر حەریری، لە بەر ئەوەی کە ناوبراو چیدی توانای گۆڕانکاریی نییە، بە تایبەت ئەوەی کە ژمارەی وەزیرەکانی لە کابینەدا زۆر کەمە و بە کردەوە کارتی بەهێزی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لوبنان لە دەست داوە.
هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2022 ی لوبنان هێندە بۆ حەریری ئاسان نابێت، لە بەر ئەوەی کە سەرۆک وەزیران نییە و ناتوانێت بەهێزەوە وەک بەرەی نەیاریش دەرکەوێت. ناوبراو هەروەها کارتی خزمەتگوزارییەکان و زیاترکردنی گوشارەکانی لە دژی حیزبوڵڵا لە دەست داوە کە لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی پێشوو کەڵکی لێ وەردەگرت بەڵام حیزبوڵڵا لە گەڵ بزوتنەوەی ئەمەل لە سەرجەم قۆناغەکانی پێکهێنانی کابینە مایەوە.
هەر سەرکەوتنێکی حکومەتی نوێی لوبنان لێدانێکە لە پێگەی سەعد حەریری، بە تایبەت ئەوەی کە میقاتی دەزانێت چۆن لەم بابەتە لە ئاستی جەماوەری و بە دیاریکراوی لە باکوری لوبنان کەڵک وەربگرێت. کێشە گەورەکە بۆ سەعد حەریری ئەوەیە کە بە هۆی بەڵێنەکانی میقاتی و لە ئەگەری جێبەجێکردنی، دەرفەتی گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە پاش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە زۆر نییە.
حیزبی التیار المستقبل گەورەترین دۆڕاوی پاش پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنانە، ئەمەش لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2022 بە تەواوی ڕوون و ئاشکرا دەبێت، ئەو هەڵبژاردنەی کە حیزبەکەی حەریری بە بێ بوونی پاڵپشتیی ناوچەیی، دیالۆگێکی سیاسی گرنگ یان کارتی خزمەتگوزارییەکان لە لوبنان دەچێتە گۆڕەپانەکەیەوە./.