بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەزا سەدرحوسێنی، شارەزای کاروباری ناوچەکە، بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان لە لایەن پاکستانەوە، وتی: بە پێی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ئەفغانستان و گرنگی گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ئەم وڵاتە، چەندین پرسی جیاجیا لە پاش کۆنتڕۆڵکردنی کابوڵ لە لایەن تاڵیبانەوە هاتووەتە پێشەوە کە دوایین گۆڕانکاریش ڕاگەیاندنی کابینەی نوێی ئەفغانستان بووە. لەم نێوەندەدا یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی ئەفغانستانی پاش کۆنتڕۆڵکردنی تاڵیبان، بانگهێشتکردنی چەند وڵاتێک بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ بووە کە لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە و جیهانەوە وەک هەنگاوێکی ئەرێنی سەیرا کرا و بە چەشنێک پیشانیدا کە تاڵیبان سەرقاڵی هەڵگرتنی هەنگاوی نوێیە لە پرۆسەی سیاسی ئەفغانستان.
ناوبراو وتی: دەبێت ئەوەش بوترێت کە تاڵیبان کەڵکی لە ئەزموونی 25 ساڵی ڕابردووی خۆی وەرگرتووە و ئێستاش کابینەی نوێی پێکهێناوە. خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە تاڵیبان لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کابینەیەک پێک بێنێت کە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بتوانن بە فەرمی بیناسن. ئێستا تاڵیبان دەڵێت بە پێی ئەزموونی 25 ساڵە وایکردووە، بەڵام هێشتا بە گومانەوە لێی دەڕوانن. هەندێک لەو بڕوایەدان کە تاڵیبان بە بانگهێشتکردنی چەنە وڵاتێک بۆ ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ، هەنگاوی بەرەو پێش هەڵگرتووە بەڵام ئەنجامێکی نەبووە. ڕاستە کە تاڵیبان هەوڵیداوە لەم ڕێگایەوە سرنجی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بۆ ئەوە ڕابکێشێت کە گۆڕانکاری لە سیاسەت و ئەدای خۆیدا کراوە بەڵام هێشتا ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ئەفغانستان بەدی ناکرێت.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: کۆبوونەوەی شەش قۆڵی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان بە شێوازی ئۆنلاین لە لایەن پاکستانەوە بەڕێوەچوو و وەزیرانی دەرەوەی چین، ئێران، تاجیکستان، ئۆزبەکستان و تورکمانستان تێیدا بەشدارییان کرد. کۆبوونەوەکە تەنیا لە سەر دۆخی ئەفغانستان بوو لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنی و ئابوری و دەتوانین بڵێین کە وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان هێشتا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی ئیش و کاری حکومەتی نوێی ئەم وڵاتەن بە سەرۆکایەتی تاڵیبان و پێم وایە کە دەبێت چاوەڕوان بن تا بزانن چی لە داهاتوودا ڕوو دەدات و تاڵیبان چی دەکات. تاڵیبان ئەوەی پیشانداوە کە تەنیا بە پێکهێنانی ئیمارەتی ئیسلامی ڕازی دەبێت و هێندە بڕوای بە دابەشکردنی دەسەڵات نییە.
سەید ڕەزا سەدرحوسێنی لە کۆتاییدا وتی: ئەوەی کە بۆ کۆبوونەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان لە لایەن پاکستانەوە بەڕێوە دەبرێت پیشاندەری کاریگەری ئەم وڵاتەیە لە سەر گرووپی تاڵیبان، پاکستان دەیەوێت لە ڕێگای تاڵیبانەوە دۆسیەی ئەفغانستان لە دەستیدا بمێنێتەوە. نابێت هێندە بە لێدوانی بەرپرسانی تاڵیبان گەشبین بین و دەبێت بزانین لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات، هەروەها نابێت هێندەش ڕەشبین بین و بە گومانەوە لە گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان و هەڵسووکەوتی تاڵیبان بڕوانین. بەم پێیەش دەبێت چاوەڕوانی داهاتوو بین./.