بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەهانبەخش سەنجابی شیرازی سەبارەت بە دوایین دۆخی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق ڕایگەیاند: ڕێژەی هەناردەی کاڵا لە پێنج مانگی سەرەتایی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی بۆ عێراق 12 ملیۆن تەن بە بڕی 3 ملیار و 163 ملیۆن دۆلار بووە. لە کاتێکدا کە لە پێنج مانگی سەرەتایی ساڵی 1399 ی کۆچی هەتاوی ئەم ڕێژەیە 7 ملیۆن و 800 هەزار تەن بە بڕی 2 ملیار و 406 ملیۆن دۆلار بووە کە لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 53 بەرزبوونەوە پیشان دەدات.
ناوبراو وتی: لە ڕاستیدا هەناردەی کاڵای نانەوتی ئێران بۆ عێراق لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتایی ساڵی 1400 بەراورد بە پێنج مانگی سەرەتایی ساڵی 1399، لە سەدا 31 لە ڕووی بایەخەوە بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی هاوردەی ئێران لە عێراق
ئەمینداری گشتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران – عێراق سەبارەت بە هاوردەش وتی: لە بواری هاوردەش لە ماوەی چوار مانگی سەرەتایی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی لە عێراقەوە 140 ملیۆن دۆلار، 246 هەزار تەن، هاوردەی ئێران کراوە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە ڕووی بایەخەوە نزیکەی لە سەدا 540 بەرز بووەتەوە.
سەنجابی شیرازی هەروەها وتی: لە ئێستادا ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە دەروازە سنورییەکان بە پێی ڕێکارە تەندرووستییەکان وەک ڕابردوو بەردەوامە.
ناوبراو وتی: پێشبینی دەکرێت کە هاوردەی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2021 و سەرەتای ساڵی 2022 بە هۆی زیاتربوونی داهاتە نەوتییەکان و هاتنی کۆمپانیاکانی ئەورووپا و ئاسیای ڕۆژهەڵات بەرز ببێتەوە کە دەرفەتێکی لەبارە بۆ بازرگانان و تەنانەت بەڵێندەرانی ئێرانی./.