بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دۆخی ئەفغانستان هۆشداریی داوە کە مەترسی ئەوە هەیە لە سەدا 97 ی خەڵکی ئەم وڵاتە بکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەگەر وەڵامی داواکارییەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانە سیاسی و ئابورییەکانی ئەفغانستان نەدرێتەوە تا لە سەدا 97 ی خەڵکی ئەم وڵاتە مەترسی ئەوەیان لە سەرە کە بکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ڕایگەیاندووە کە وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە ئەفغانستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوو لە دابەزین دەکات و ئەمەش هەژاری لەم وڵاتە تا لە سەدا 25 بەرز دەکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، نووسینگەی کاروباری مرۆڤدۆستانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ئەفغانستان ڕوبەڕوی مەترسی هەڵوەشانەوەی کەرتی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بووەتەوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هاوکاری 200 ملیۆن دۆلاریی بۆ هاوکارییە ڕزگارکەرەکان لە ئەفغانستان کردووە.
نووسینگەی کاروباری مرۆڤدۆستانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ڕایگەیاندووە کە بە گشتی تا کۆتایی ساڵ 606 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی ئەفغانستان پێویستە.
تەنانەت پێش کەوتنی کابوڵ و ڕووخانی دەسەڵاتەکەی ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆماری پێشووی ئەفغانستانیش خەڵکی ئەم وڵاتە پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەبوو و لە سەدا 40 ی پێداویستییەکان لە ڕێگای هاوکاری دەرەکییەوە دابین دەکرا.
ئەو ڕێکخراوە هۆشداریی داوە کە 18 ملیۆن کەس لە ئەفغانستان ڕوبەڕوی کارەساتێکی مرۆڤی بوونەتەوە و 18 ملیۆن کەسی دیکەش ڕەنگە بە خێرایی بەرەو وەها هەلومەرجێک بڕۆن.
بە وتەی بەرپرسانی پەیوەندیدار لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، 413 ملیۆن دۆلار لەو داوای هاوکارییە بۆ دابینکردنی پێداویستی و هاوکارییەکانی پێشووە./.