بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عومەر بەرزنجی باڵیۆزی عێراق لە قەتەر جەختیکردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵی دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ قەتەر دەدات، پاش ئەوەی کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی.
ناوبراو لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لە گەڵ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی، وتی: بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کاریگەریی لە سەر ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی هەرێم و عێراق بە گشتی لە گەڵ قەتەر داناوە و ئێمە هەوڵی گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی ڕابردوو دەدەین.
بەرزنجی داوایکرد کە هەرێمی کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕ بازرگانییەکان لە گەڵ قەتەر، هەماهەنگیی لە گەڵ حکومەتی بەغدا هەبێت لە بەر ئەوەی کە لێژنەیەکی هاوبەشی ئابوری لە نێوان عێراق و قەتەر هەیە.
ناوبراو وتی کە قەتەر پێویستی بە بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی هەرێمی کوردستانە لە بەر ئەوەی کە بازاڕی ئەم وڵاتە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بەسراوەی وڵاتانی دەرەوەیە.
باڵیۆزی عێراق لە قەتەر وتی کە هەرێمی کوردستان و عێراق دەتوانن لەو بوارەدا پێداویستییەکانی قەتەر دابین بکەن، ڕۆژانە 8 گەشتی ئاسمانی بۆ قەتەر دەکرێت بەڵام بە هۆی گرانییەوە ئەگەری ناردنی بەرهەمەکان نییە و دەبێت بیر لە ڕێگاکانی دیکەی وەک دەریا بکرێتەوە.
عومەر بەرزنجی وتی کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان قەتەر و عێراق ساڵی 2018 گەیشتە 72 ملیۆن دۆلار و ئێستا بە هۆی کۆرۆناوە زۆربەی ڕاگیراوە بەڵام هەوڵی دەستپێکردنەوەی دەدرێت./.