بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی الاخبار ی لوبنان ڕایگەیاند کە پرسی هاوردەکردنی سووتەمەنی لە ئێرانەوە بەردەوام تاوتوێ دەکرێت و بەرواری گەیشتنی کەشتییە ئێرانییەکە دیار نییە بەڵام سەرەڕای ئەمەش زانیارییەکان پیشان دەدات کە سووتەمەنی یەکەم کەشتی تا ڕۆژانی داهاتوو دەگاتە لوبنان.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەو 29 ملیۆن لیتر مازۆتە کە لە ڕۆژانی داهاتوو دەگاتە لوبنان، لە لایەن کۆمپانیای الامانەوە لە دوو قۆناغدا دابەش دەکرێت. قۆناغی یەکەم پەیوەندی بە دابەشکردنی سووتەمەنی لە نەخۆشخانەکان و ناوەندە تەندرووستییە ئەهلییەکان و هەروەها ناوەندە حکومییەکان و یەکە وەبەرهێنەرە حکومییەکانەوە هەیە و قۆناغی دووەمیش شارەوانییەکان و یەکە وەبەرهێنەرەکانی کەرتی تایبەت لە خۆ دەگرێت.
الاخبار ڕایگەیاندووە کە سووتەمەنی ئێران لە ڕێگای تەنکەرەوە لە سوریاوە بۆ لوبنان دەگوازرێتەوە.
سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان یەکەم جار هەواڵی هاوردەکردنی سووتەمەنی ئێرانی ڕاگەیاند و وتی کە پاش گەیشتنی یەکەم کەشتی، کەشتی دووەم و سێهەمیش بە هەمان شێوە دەگاتە ئەم وڵاتە./.