بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەعیم عەبودی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق، دوو پێوەری بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی ئەم وڵاتە خستەڕوو و وتی کە هادی عامری گرنگترین کاندیدی هاوپەیمانی فەتحە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.
ناوبراو لە شرۆڤەی ئەو دوو پێوەرەدا وتی کە دەبێت ژمارەی کورسییەکان بە پێی پێویست بێت و لە پەرلەمانیش فراکسیۆنی زۆرینە پێک بهێندرێت.
عەبودی وتی کە وەک هاوپەیمانی فەتح هیچ هێڵێکی سوور ناخەینە بەردەم فراکسیۆنەکانی دیکە، ئەگەر لایەنەکانی دیکە کورسی پێویستیان هەبوو و فراکسیۆنی زۆرینەشیان پێکهێنا، ئێمەش پەسەندی دەکەین، چ بەشداری لەو هاوپەیمانییەدا بکەین یان نە.
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی فەتح وتی کە ئەم هاوپەیمانییە کەسایەتی سیاسی زۆری هەیە، لە سەرووی هەمووانەوە هادی عامری و ئەمەش بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینە لە گەڵ لایەنەکانی دیکە باس دەکرێت./.