بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان پێکهاتەی کابینەی نوێی ئەفغانستانی ڕاگەیاند. لەو کابینەیەدا محەممەد حەسەن ئاخوند وەک سەرۆک وەزیرانی تاڵینان ناسێندرا.
محەممەد حەسەن ئاخوند لە کابینەی پێشووی تاڵیبان لە پێش هێرشەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2001، وەزیری دەرەوە بووە. پاش ڕووخانی دەسەڵاتەکەی تاڵیبان لە ساڵی 2001 تا ئێستا ناوبراو سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گرووپی تاڵیبان بووە.
سەرۆک وەزیرانی نوێی ئەفغانستان لەدایکبووی ویلایەتی قەندەهار – مەڵبەندی سەرهەڵدانی تاڵیبان – و لە پێکهاتەی پەشتوون و درانییەکانە و لە بنەڕەتیشدا لە ڕووی خێزانییەوە بۆ ئەحمەد شا درانی، دامەزرێنەری ئەفغانستان دەگەڕێتەوە.
دەوترێت کە سەرۆک وەزیرانی نوێی ئەفغانستان هیچ خوێندەوارییەکی فەرمیی نییە و تەنیا لە خوێندنگە ئائینییەکان لە پاکستان بۆ ماوەیەک خوێندوویەتی.
مەلا محەممەد حەسەن، تەمەنی 70 ساڵە و زیاتر لەوەی کە کەسێکی مەزهەبی بێت، سیاسییە و بەم هۆیەشەوە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی تاڵیبانی لە ئەستۆ بووە و لە کاروباری سەربازیش بە کەسێکی شارەزا و کاریگەر دادەنرێت، ناوبراو لە نێو گرووپی تاڵیبان پێگە و ڕێزی تایبەتی هەیە.
سەرۆک وەزیرانی تاڵیبان لە کەسایەتییە نزیکەکانی مەلا محەممەد عومەر، سەرکردەی پێشووی تاڵیبانە و دەوترێت کە لە ئێستاشدا لە مەلا هەیبەتوڵڵا سەرکردەی تاڵیبان نزیکە.
ئەنجومەنی سەکردایەتی تاڵیبان بە ئەنجومەنی کوەیتەش دەناسرێت کە لە پاش هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان لە ساڵی 2001 پێکهێنراوە.
ئەگەرچی مەلا محەممەد حەسەن لە کەسانی کاریگەر لە دانوستانەکانی تاڵیبان و ئەمریکا لە قەتەر بووە بەڵام هیچ کات وێنەی لە میدیاکانەوە ئاشکرا نەکرا و بەم هۆیەشەوە دەستنیشانکردنی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی ئەفغانستان تا ڕادەیەک چاوەڕواننەکراو بووە.
ناوبراو لە کانوونی دووەمی ساڵی 2001 کەوتووەتە ڕیزی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا. لە ڕیزی گەمارۆکانی ئەمریکاشدا وەک ڕاوێژکار و یاریدەدەری نزیکی سەرکردەی تاڵیبان ناوی هاتووە./.