بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ڕەزا فەرقانی لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسی ئیلنا سەبارەت بە بارودۆخی ئەفغانستان و شەڕ و پێکدادانەکانی پەنجشیر بە تایبەت ئەو هەواڵانەی کە باس لە هاوکاریکردنی تاڵیبان لە لایەن پاکستانەوە دەکەن، وتی: لە هەواڵەکاندا هاتووە کە خۆڕاگری پەنجشیر باسی ئەوەیکردووە کە سوپای پاکستان بە تایبەت لە ڕێگای هێزی ئاسمانییەوە بۆ تێکشکاندنی ئەو بەرەیە هاوکاری تاڵیبانی کردووە و ڕۆڵی سەرەکیی لە ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو گێڕاوە، ئەم هەواڵانە هێشتا بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام دەکرێت قبووڵکراویش بێت لە بەر ئەوەی کە پاکستان بەردەوام پەیوەندییەکی نزیک و تێڕوانینێکی تایبەتی لە سەر تاڵیبان هەبووە و لە بنەڕەتیشدا تاڵیبان پەروەردەی دەستی پاکستانە و پاڵپشتی لێکردووە، ئەگەرچی ئەو پاڵپشتییە هەندێک کات کەم یان زیاد بووە بەڵام هیچ کات نەپچڕاوە.
ناوبراو وتی: بەم هۆیەوە و بە پێی ئامادەبوونی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری پاکستان لە ئەفغانستان دەتوانین بڵێین کە سوپای پاکستان لە پاڵپشتیکردنی تاڵیبان لە دژی هێزەکانی پەنجشیر ڕۆڵی هەبووە و پشکی گەورە و بەرچاوی لە پێشڕەوییەکانی تاڵیبان لەو ناوچەیە هەبووە.
ئەم شارەزا سیاسییە سەبارەت بە سیاسەتی تاران لە بەرامبەر ئەفغانستان، وتی: دۆخی پەنجشیر بۆ ئێران بە تەواوی لە گەڵ پاکستان جیاوازە و بە پێی ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی تاڵیبان لە لایەن پاکستانەوە، ئاساییە کە ئەو موڵەتە بە خۆیان بدەن کە لە بەرامبەر خۆڕاگری پەنجشیر بەرگری و پاڵپشتی لە تاڵیبان بکەن بەڵام دۆخەکە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران جیاوازە.
فەرقانی وتی: ناوچەی پەنجشیر هیچ پەیوەندییەکی وشکانیی لە گەڵ جیهانی دەرەوە نییە و بە تەواوی لە ناوخۆی ئەفغانستان گەمارۆ دراوە و مەوداکەشی تا سنورەکانی ئێران نزیکەی 700 کیلۆمەترە، هەر بۆیە دەرفەتی هیچ هاوکاریکردنێک نییە و لەم هەلومەرجەشدا هەر هەنگاوێک وەک دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەفغانستان دەبێت.
ناوبراو وتی: ئەم دۆخە لە گەڵ قۆناغەکانی ڕابردووی ئەفغانستان جیاوازی زۆری هەیە، لە دەیەکانی ڕابردوو سەرەڕای ئەوەی کە تاڵیبان لە کابوڵ حکومەت و دەسەڵاتی بە دەستەوە بوو بەڵام بەرەی خۆڕاگری پەنجشیر بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شا مەسعود کۆنتڕۆڵی ناوچەکەی تا وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بە دەستەوە بوو و لەو ڕێگایەوە دەرفەتی هاوکاری هەبوو و لەو کاتەشدا حکومەتی تاڵیبان لە لایەن هیچ وڵاتێکەوە بە فەرمی نەناسرابوو و جیهان تەنیا دانی بە حکومەتەکەی ڕەبانیدا دەنا بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە جیاوازە و دەسەڵات بە تەنیا لای گرووپی تاڵیبانە و بەم هۆیەشەوە کار بۆ وڵاتانی وەک ئێران، ڕووسیا و چین لە ئەفغانستان دژوارتر بووە./.