بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیرەج مەسجدی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی الشرقیە وتی کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە ماوەی سەرۆکایەتی مستەفا کازمی لە بواری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری گەشەسەندنی بە خۆوە بینی.
ناوبراو وتی کە کازمی پەیوەندییەکی نزیک و پتەوی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران جێگیر کردووە و ئێرانیش هەر ئەم تێڕوانینەی لە سەر گەل و حکومەتی عێراق هەیە.
باڵیۆزی ئێران وتی: هۆکاری بەشدارینەکردنی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە کۆنفرانسی لوتکەی بەغدا ئەوە بوو کە لە کاتی بانگهێشتکردنەکەدا هێشتا کابینەی نوێی ئێران متمانەی لە پەرلەمان وەرنەگرتبوو و یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیش لە گەڵ ڕێبەری باڵای ئێران لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەی بەغدا بوو.
ناوبراو ستایشی ڕۆڵی عێراقی لە دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و سعوودیە لە بەغدا کرد و وتی کە تێڕوانینی تاران ئەوەیە کە ئێران و سعوودیە دوو وڵاتی گرنگی ئیسلامین و سەرجەم کێشەکانیان بە ڕێگای دانوستان و وتووێژ چارەسەر دەکرێت.
وتیشی کە سێ گەڕی دانوستانەکانی نێوان ئێران و سعوودیە لە کەشێکی برادەرانە و دۆستانەدا بەڕێوەچووە و بە هۆی هاتنەسەرکاری کابینەی نوێ لە ئێران ڕاگیراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست پێدەکاتەوە.
مەسجدی وتی کە ئێران بە هۆی دانوستانەکانی لە گەڵ سعوودیە سوپاسی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووە.
ناوبراو سەبارەت بە داهاتووی هێزەکانی ئەمریکاش لە عێراق وتی: ڕێکەوتنی بەغدا لە گەڵ واشنتن بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەنگاوێکی بەرەو پێش و بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەم وڵاتەیە و ئێرانیش پاڵپشتی لێدەکات.
ئیرەج مەسجدی وتی: عێراق توانای دابینکردنی ئاسایشی خۆیی هەیە و بوونی هێزەکانی بێگانە تەنیا سەرچاوەی کێشە و قەیرانە.
باڵیۆزی ئێران سەبارەت بە کەمکردنەوەی ڕێژەی گازی هەناردەکراو بۆ عێراقیش وتی کە هەر دوو وڵات لەم بوارەدا هاوکاری زۆر باشیان هەیە بەڵام هەندێک کات بە هۆی کێشەی تەکنیکییەوە ڕوبەڕوی گرفت دەبێتەوە، ئەم کێشەیە هیچ ڕەهەندێکی سیاسیی نییە لە بەر ئەوەی کە ئێران هیچ کێشەیەکی سیاسیی تا ئێستا لە گەڵ عێراق نەبووە.
ڕاشیگەیاند کە هەوڵ دەدرێت کۆنسووڵخانەی ئێران لە بەسرە بکرێتەوە./.