بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی بلۆمبێرگ لە شرۆڤەیەکدا سەبارەت بە سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران ڕایگەیاند: کاریگەری سزاکانی ئەمریکا لە سەر ئێران کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپەوە دەستیپێکرد، کەمبووەتەوە و ئەنجامی سیاسەتەکانی ئەمریکاش ئەوە بووە کە ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرز بکاتەوە و بەڵێنەکانیشی لە ڕێکەوتنی ناوەکی دابەزێنێت.
لە درێژەی ئەو شرۆڤەیەدا هاتووە کە دۆخی ئابوری ئێران بە هۆی پاڵپشتییەکانی ڕووسیا و چین بەراورد بە سێ ساڵی ڕابردوو سەقامگیری زیاتری پێوە دەبینرێت، ئەم سەقامگیرییەش سەرەڕای بەردەوامبوونی گەمارۆکان بووە و وایکردووە کە ئێران بە دەستی پڕەوە بچێتە گەڕی نوێی دانوستانەکانی ناوەکی.
بلۆمبێرگ ڕایگەیاندووە کە پێشبینی دەکرێت ئێران بە لیستی داواکارییەکانی خۆیەوە دەچێتە گەڕی حەوتەمی دانوستانەکانی ڤیەننا.
ئاژانسە ئەمریکییەکە ڕایگەیاندووە کە هەر کات کۆماری ئیسلامی ئێران ئاستی داواکارییەکانی بەرز بکاتەوە، سێ ئەگەر دێتە پێشەوە: یان دانوستانەکانی ناوەکی درێژەی دەبێت و ڕەنگە تا ساڵی داهاتووش ببات، یان دانوستانەکان بە بێ ئەنجام کۆتایی دێت و ئەگەری سێهەم، سەرهەڵدانی قەیرانێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
لەو شرۆڤەیەدا هاتووە کە ئەوەی کە لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە، دۆخی ئابوری ئەم وڵاتەیە، ئێران لە لایەن چینەوە وەک دووەم هێزی ئابوری جیهان پاڵپشتی دەکرێت و بەو پاڵپشتییەش بە کردەوە لە کاریگەری گەمارۆکانی ئەمریکای دابەزاندووە.
ئاژانسی بلۆمبێرگ ڕایگەیاندووە کە ئێران بە هاوکاری چین سەرقاڵی درووستکردنی بەندەری نوێ و هەروەها پەرەپێدانی تۆڕی هێڵی ئاسنی خۆیە./.