بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میخائیل ئولیانۆف نوێنەری ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ڤیەننا، ئامادەیی ئێرانی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی تایبەت بە دۆسیەی ناوەکی ڕاگەیاند.
ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بە ئاماژە بە لێدوانەکانی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕایگەیاند کە لەو لێدوانانە بەوە دەگەین ئێران ئامادەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ڤیەننایە سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی.
ئولیانۆف لە هەمان کاتدا وتی کە دیار نییە دانوستانەکانی ڤیەننا کەی دەست پێدەکاتەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران شەوی شەممە لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە لە دانوستانەکاندا هەوڵی لابردنی گەمارۆ زاڵمانەکان دەدەین، وڵاتانی ڕۆژئاوا دەیانەوێت دانوستانەکان لە گەڵ گوشار و هەڕەشە بێت، ئێمە یەک هەنگاو لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆمان پاشەکشە ناکەین و بۆ دانوستان، دانوستان ناکەین، وتووێژەکان دەبێت بگاتە ئەنجام تا بە هەڵگرتنی گەمارۆکان دۆخی ژیانی خەڵک باشتر ببێت./.