بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ڕەزا گونای باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا ڕایگەیاند کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان نیازی سەردانیکردنی عێراقی هەیە.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەنکەرە و بەغدا و چۆنیەتی پەرەپێدانی لە سەرجەم بوارەکاندا تاوتوێ کرد.
لەو چاوپێکەوتنەدا ئەعرەجی وتی کە لە پرسی ئاوە هاوبەشەکاندا دەبێت تورکیا لە کێشە و نیگەرانییەکانی عێراق تێبگات.
باڵیۆزی تورکیا سەردانەکەی ئەردۆغانی بۆ عێراق بە سەردانێکی تایبەت پێناسە کرد بەڵام کاتی ئەو سەردانەی ڕانەگەیاند.
عێراق پەیوەندییەکی سیاسی و ئابوری بەربڵاوی لە گەڵ تورکیا هەیە بەڵام دۆسیەی ئاو و دەسدرێژییە سەربازییەکان و بۆردومانە بەردەوامەکانی تورکیا کێشەی خستووەتە بەردەم پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەنکەرە./.