پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی و سەپاندنی سزا و گەمارۆ نایاسایی و تاکلایەنەکان لە دژی گەلی ئێران، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی وایان دەزانی کە دەتوانن لە کارتی کات وەک چەکێک لە دژی ئێران کەڵک وەربگرن. ئەوان چاوەڕوانیان دەکرد کە ئێران خۆی بە دەستەوە بدات بەڵام سیاسەتی حەکیمانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و خۆڕاگری گەل وایکرد کە ڕووی ئەم چەکە بکرێتەوە بەرەو ئەمریکا و وڵاتانی ئەروووپی و پەرلەمانی ئێرانیش بە پەسەندکردنی یاسای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران – کە بە پێی ئەو یاسایە ئێران بەڵێنەکانی خۆیی لە ڕێکەوتنی ناوەکی دابەزاند – ئەم چەکەی پووچەڵ کردەوە.
ئەگەر ئەمڕۆ دەبینین کە وڵاتانی ئەورووپی بە هەر شێوازێک هەوڵی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ناوەکی لە گەڵ ئێران دەدەن یان سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە بتوانێت ڕەزامەندی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ نەگەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی بە دەست بێنێت، بە هۆی ئەوە نەبووە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بایدن لە هەڵەی کشانەوە لە ڕێکەوتنی ناوەکی و بێ بەڵێنی خۆیان تێگەیشتبن یان ئەوەی کە حەزیان لە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێکەوتنە و جێبەجێکردنی بڕگەکانی بێت، بەڵکوو بە هۆی ئەوەیە کە لەوە تێگەیشتوون سیاسەتی پیلانگێڕی و فرتوفێڵ لە دژی تاران یارمەتیدەری مسۆگەربوونی ئامانجەکانی ئەوان نابێت.
وەزیری دەرەوەی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتوویژی تەلەفوونی لە گەڵ وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی ئەورووپی ڕەتیکردەوە کە تاران دانوستان لە پێناو دانوستان بکات و جەختی لە سەر مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران لە دانوستانەکانی ڤیەننا کردووەتەوە.
ئێران ئەوەی سەلماندووە کە پابەندی دانوستانە بەڵام بەو مەرجەی کە بگاتە هەڵگرتنی سزا و گەمارۆ زاڵمانەکان و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی ئێران، لە بەر ئەوەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا ناچارن واز لە کات بە فیڕۆدانن بێنن و گۆڕانکاری لە هەڵسووکەوتی خۆیاندا بکەن و بۆ بەڵێنەکانیان لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێنەوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە وتووێژی لە گەڵ هاوتاکانی لە سێ وڵاتی ئەورووپی جەختیکردووەتەوە کە ئەمریکا تێگەیشتنی ڕاست و درووستی لە ناوچەکە، گەلان و حکومەتەکانی بە تایبەت لە ئێران نییە و ئەم ڕاستییەش لە پاش شکستەکەی لە ئەفغانستان و کشانەوەی بەپەلەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە خۆیی پیشان داوە. هەر بۆیە دەبێت بە سیاسەتێکی ڕاست و درووست و لە گەڵ ڕێزی بەرامبەر، واز لە خوڵقاندنی قەیرانە بەردەوامەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێنێت.
ئەمڕۆ نۆرەی لایەنەکانی دیکەی ڕێکەوتنی ناوەکییە تا بە کردەوە ئەوە بسەلمێنن کە پابەندی ئەو ڕێکەوتنەن و بە ڕێزگرتن و دوورکەوتنەوە لە زمانی هەڕەشە و درووشمە بەتاڵەکان لە گەڵ ئێران دانوستان بکەن و بە هیوای گەیشتن بە ئیمتیازی زیاتر لە دانوستانەکان، دڵخۆشی گەمارۆ بێ ئامانجەکان نەبن. لە بەر ئەوەی کە لەم حاڵەتدا، لە ڕوانگەی ئێرانەوە دانوستانێک نابێت و بێ ئەنجامبوونی دانوستانەکانی پێشووش بەڵگەیەکی ڕوونە لە سەر ئەم بابەتە./.